” بەشێك لە وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا نەوت لە داعش دەكڕن “

جانا هیباسكۆڤا، بەرپرسی شاندی دیپلۆماتی یەكێتیی ئەوروپا لەعێراق رایگەیاند كە هەندێ وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا نەوت لە گرووپی داعش دەكڕن.
هیباسكۆڤا داواشیكرد پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا فشار بخاتە سەر هەرێمی كوردستان و وڵاتانی توركیا و ئێران بۆ رێگەگرتن لە ئاڵوگۆری نەوت لەلایەن داعشەوە.
هیباسكۆڤا لە میانی پێشكەشكردنی گوتارێك لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا ناوی ئەو وڵاتانەی ئەوروپای ئاشكراكرد كە راستەوخۆ نەوت لە داعش دەكڕن و بەم پێیەش داعش پارەی دەستدەكەوێت بۆ دابینكردنی خەرجییەكانی.
بەپێی هەواڵێكی رادیۆی دەنگی رووسیا، هیباسكۆڤا ئاماژەی بەوە داوە كە داعش لە رێگەی تانكەرەوە نەوتی خاو بەناو خاكی وڵاتانی ناوچەكەدا دەگەیەنێتە دەست كڕیارانی لە ئەوروپا.
بۆیە داوا لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا دەكات كە فشار بخاتە سەر وڵاتانی ناوچەكە، بەتایبەتیش هەرێمی كوردستانی عێراق و توركیا و ئێران تا رێگربن لە گواستنەوەی نەوت لەلایەن داعشەوە بە شێوەیەكی نایاسایی بۆ ئەوروپا.
لەدرێژەی وتارەكەیدا هیباسكۆڤا باس لە نەبوونی چاودێری و هەماهەنگی دەكات لە پرۆسەی پڕچەككردنی هێزەكانی پێشمەرگە دژی گرووپی داعش لەلایەن وڵاتانی یەكێتیی ئەوروپا.د
بە گوتەی هیباسكۆڤا هیچ گەرەنتییەك نییە كە ئەو چەكانەی بۆ پێشمەرگە دەنێردرێن نەكەونە دەست چەكدارانی داعش یاخود چەكدارانی پەكەكە.  ئەو پێیوایە بۆ بەرەنگاربوونەوە و بنبڕكردنی داعش پێویستە بە رابەرایەتی هێزەكانی ناتۆ پرۆژەیاسایەكی نێودەوڵەتی ئامادەبكرێت.
روداو