ئه‌مریكا قه‌رزێك به‌ بڕی 170 ملیۆن دۆلار ده‌داته‌ میانمار

باراك ئۆباما، سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 19ی تشرینی دووه‌م گه‌یشته‌ وڵاتی میانمار (بۆرما) و به‌وه‌ش بوو به‌ یه‌كه‌م سه‌رۆك له‌مێژووی ئه‌مریكادا كه‌ سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كردبێت.
ئاژانسی سكای نیوز بڵاویكرده‌وه‌: له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا سه‌رۆكی ئه‌مریكا قه‌رزێك به‌ بڕی 170 ملیۆن دۆلار ده‌داته‌ میانمار بۆ پشتوانیكردن له‌و پرۆسه‌ی چاكسازییه‌ كه‌ ماوه‌ی ساڵ و نیوێكه‌ حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستیپێكردووه‌و بڕیاریشه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ له‌ پرۆژه‌ی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و پته‌وكردنی دامه‌زراوه‌ دیموكراتییه‌كاندا خه‌رج بكرێت.
به‌ڵام چالاكوانانی بواری مافه‌كانی مرۆڤ پێیانوایه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی هێشتا به‌ڵێنه‌كانی چاكسازی له‌ میانمار جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌م سه‌ردانه‌ی ئۆباما سوودێكی ئه‌وتۆی نابێت، له‌به‌رامبه‌ریشدا كۆشكی سپی جه‌ختی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئۆباما گوشار ده‌خاته‌ سه‌ر سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته‌ تا هه‌رچی زووه‌ كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی وه‌ك توندوتیژی ره‌گه‌زی و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ چاره‌سه‌ر بكات.
ئه‌م سه‌ردانه‌ی باراك ئۆباما بۆ میانمار دوای ئه‌وه‌ دێت، كه‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌مریكا بۆ گه‌شه‌پێدان (یو ئێس ئه‌ید) نووسینگه‌یه‌كی له‌ میانمار كرده‌وه‌، ئه‌وه‌ش دوای هه‌ڵپه‌ساردنی كاره‌كانی له‌و وڵاته‌ به‌هۆی سه‌ركوتكارییه‌كانی سه‌رده‌می ئه‌نجومه‌نی سه‌ربازیی پێشووی ئه‌و وڵاته‌وه‌.