چوار پەرلەمانتار پێشنیازێكی نوێ بۆ نرخی بەنزین دەدەنە حكومەت

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا نرخی بەنزین بەبێ كۆبۆن بۆ ئۆتۆمبێلی تایبەت لیترێك بە 900 دینار و بۆ تاكسی و پاسەكانیش بە 500 دینار جێگیربكات، ئەوە لەكتێكدا پێشتر بە كۆبۆن ئۆتۆمبێلە تایبەتەكان لیترێكیان بە 800 دینار وەردەگرت.
 
لە كۆبوونەوەی رۆژی 31ی ئاب لەنێوان لیژنەی باڵای نەوت و غازی حكومەت و لیژنەی پیشەسازی و وزە‌و سەرچاوە سروشتییەكانی پەرلەمان، لیژنەكەی پەرلەمان پێشنیازی سەرەتا 600 دینار و دواتریش 650 دیناریان كردبوو بۆ هەر لیترێك بەنزین، بەڵام حكومەت پێی رازی نەبوو.
 
لەو پێشنیازنامەیەدا كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی رووداو كەوتووە، ئەو پەرلەمانتارانە دەڵێن: “ئەگەر رۆژانە حكومەتی هەرێمی كوردستان 5 ملیۆن لیتر بەنزین بە 900 دینار دابەشبكات و بیكات بە 700 دینار، ئەوا لە مانگێكدا حكومەت پارەی وەدەستهاتووی 25 ملیۆن دۆلار كەمدەكاتەوە، كە 2.5% كۆی خەرجییەكانی حكومەتە لە مانگێكدا، بۆیە لە ئێستادا پێمانوایە دەكرێت ئەمە بكرێت”.
 
بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین، كە رۆژی 31ی ئاب ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەریكرد، هاوڵاتیانی كوردستانی نیگەران كرد و ڕۆژی 1ی ئەیلوول لە هەندێك شوێنی جیاواز ناڕەزایی و خۆپیشاندان بەڕێوەچوو، ئەمە جگە لەوەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكیش زۆرترین كەس كۆمێنتیان لەسەری دا‌و ناڕازی بوون.
 
ز.ر