راگەیاندراوێک لە سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران سەبارەت بە نرخى بەنزین

ئەنجومەنى هەرێمى بۆ کاروبارى نەوت و گاز ،دوابەدواى چەندین کۆبونەوەى یەک بەدواى یەک لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان و لە لایەن وەزارەت و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە قەیرانى سوتەمەنى لە هەرێمى کوردستان، هەروەها دواى چەندین دانیشتن لەگەڵ لیژنەى پیشەسازى و وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى پەرلەمانى کوردستان، تاوتوێى دیارى کردنى نرخى بەنزین و شێوازى دابەش کردن و دۆزینەوەى میکانیزمێکى گونجاو بۆ تێپەڕاندنى قەیرانى سوتەمەنى لە هەرێمى کوردستان کردووە، بۆیە بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى شەر و پەلامارەکانى شەرانگێزى دەوڵەتى تیرۆریستى داعش کە تیایدا هەرێمى کوردستان لە ئێستادا لە شەرێکى نەخوازراودا رووبەرووى تیرۆریستاندایە.

حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەرکێکى قورسى کەوتۆتە سەرشان ،لەدابین کردنى پێداویستییەکانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان ،کە ئەمرۆ لە سەنگەرەکانى بەرگرى لە خاکى پیرۆزى کوردستاندان،سەرەراى ئەم بارودۆخە حکوومەتى هەرێمى کوردستان ئەرکێکى گەورەترى لە ئەستۆدایە ئەویش خزمەتکردن و دابین کردنى پێداویستیەکانى زیاتر لە (850000) هەشت سەد و پەنجا هەزار ئاوارەى دەرئەنجامەکانى شەڕن  کە لەئێستادا لە هەرێمى کوردستاندان و کە و وەک ئەوە وایە ئێستا پارێزگایەکى تر بۆ هەرێمى کوردستان زیاد بوو بێت. هەروەها لە لایەکى تر حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە لەدابین کردنى داودەرمان و سەرجەم خزمەت گوزاریە گشتیەکانى تر بۆ هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان بە ئاوارەکانیشەوە.

سەرەراى بڕینى بەشە بودجەى هەرێم، کە ماوەى هەشت مانگە بودجە لەحکوومەتى ناوەندى بۆ هەرێمى کوردستان نەهاتووەو حکومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوامە لە دابین کردنى موچەى خەڵک و فەرمانبەران.

زۆر لەو زەخت و قورساییانەى کە کەوتۆتە ئەستۆى حکومەت، ئەندامانى بەرێزى پەرلەمان لە لیژنەى پیشەسازى و وزەو سەرچاوە سروشتییەکان هاورابوون کە بەڵێ حکوومەت تووشى قەیران بووە. وە بە شێوازێکى روون ،فرۆشتنى نەوت خراوەتە بەردەم  ئەندامانى بەرێزى پەرلەمان و هەموو ئەو پاڵپشتیانەى کە حکوومەت دەیدات بۆ بوارە جیاجیاکانى هەرێم باس کراوە .

سەربارى هەموو ئەمانە حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە دوابڕیارى، لەسەر نرخى سوتەمەنى و بەنزین هەوڵیداوە چین و توێژەکانى کۆمەڵ و خەڵکى ئاسایى لەبەر چاو بگیرێت بەشێوەیەک زۆرینەى خەڵک تیایدا سودمەند بن و لە بەرژەوەندى زۆرینەى هاوڵاتیاندا بێت ، هەروەها گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایى و تۆکمە بۆ زامن کردنى کوالێتى بەنزین بەجۆرێک خاوەن بەنزینخانەکان و ئەوانەى هاووردەى بەنزین دەکەن گەر سەرپێچى رێنماییەکانى کوالیتى بەنزین بکەن  سزابدرێن و وە گرتنەبەرى دارشتنى میکانیزمى نوێ بۆ سەرپەرستى کردنى  فرۆشتن و دابەشکردنى سوتەمەنى دەگیرێتە بەر .

بۆیە لە دانانى نرخەکاندا نرخى بەنزین و سوتەمەنى بۆ ئۆتۆمبێلەکانى تەکسى و پاس بەهەند وەرگیراوەو هەروەها لە دانانى نرخەکاندا رەچاوى بەرژەوەندى گشتى و بەرپرسیارێتى ئەم قۆناغەو رەوشى ئێستاى هەرێمى کوردستان کراوە، هەر بۆیە بۆ دانانى نرخى بەنزین و گاز وایل و نەوتى سپى بڕیاردرا:-

1-نرخى  یەک لیتر بەنزین بۆ تەکسى و پاس 500 دینار بێـت و لە رێگەى کۆبۆن دابەش دەکرێت.
2-نرخى بەنزین بۆ تەواوى ئۆتۆمبیلەکانى تر بە بێ کۆبۆن دەبێتە 900 دینار.
3- نەوتى سپى بۆ دابەش کردنى ئەمساڵ بۆ هاوڵاتیان وەک خۆى دەمێنێت واتە بە 160 دینار بۆ هەر لیترێک.
ئەم رێوشوێنانە پەیوەستن بەم بارودۆخە نائاساییەو لە کاتى گەڕانەوەى دۆخى ئاسایى بوونەوەى هەرێمى کوردستان، پیاچوونەوە بەم بڕیارانە دەکرێت.

ز.ر