بەهۆی قەیرانی دارایی و نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمەوە ماوەی هەشت مانگە شارەوانی سلێمانی هیچ پڕۆژەیەكی نوێی ئەنجام نەداوە.
لەوبارەیەشەوە (یوسف یاسین) سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی راگەیاندوە كە بە كاریگەری ئەو قەیرانە داراییە لەمساڵدا هیچ پڕۆژەیەكیان لەسەر بودجەی (2014) نەخستووەتە بواری جێبەجێكردنەوەو ئەو پڕۆژانەشی كە هەبووە و جێبەجێكراون لەسەر بودجەی ساڵی رابردووبووە كەپێشتر بڕیاری لەسەر دراوە و بودجەی بۆ تەرخان كراوە.
ئاماژەی بەوە شكرد كە 194 گەڕەك لە سنووری شارەوانی سلێمانیدا هەن و زۆربەیان پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی پێگەیشتووە بەڵام ئەگەر ئەو قەیرانە داراییە نەبوایە كاری تەواویان بۆ هەموو گەڕەكەكان ئەنجام دەدا.
ئەمە لە كاتێكدا بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی شارەوانی سلێمانی زیاتر پشت بە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەكان و نەوت دەبەستێت و ساڵانەش بودجەیەكی ئاسایی هەیە كە بە نزیكەی 80 ملیۆن دۆلار دەخەملێنرێت.