کوردستان ئامادەکاری بۆ پێگەیەكی بەهێز لە ئابووری جیهان دەكات

بڕیاروایە کۆنفڕانسێکی وزە لە رۆژانی 3-4-5 ی ئەیلوولی 2014 لە ئیستەنبوڵ بەڕێوەبچێت و ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشداری تێدابکات.

لە کۆنفڕانسەکەدا وەزیرانی وزەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشداری تێدادەکەن و لەلایەن ناوەندی ستراتیژی و لێکۆڵینەوەی ئابووری و تەکنیکی  ئەنجامدەدرێ و لەژێر ناوی “داهاتووی وزە بۆ تورکیا وئەوروپا؛ گرێدراوە نوێیەکان 2014” بەڕێوەدەچێت، کە مژاری سەرەکی پانتایی رووبەری وزەی جیهانی و بەشێوەیەکی گشتیش باسکردن دەبێت لە وزەی خۆجێی و ناوچەیی.

ئونڤەر چەکەمئۆغڵو، بەرپرسی جێبەجێکاری ناوەندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، “کە ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفڕانسەکەدا دەکات و ئامانجیش راکێشانی سەرنجی وەبەرهێنەرەکانی بواری وزەیە بۆ هەرێمی کوردستان”.

چەکەمئۆغڵو گوتیشی، “خۆناساندنی کورد بە وڵاتانی دونیا زۆر گرنگە، کە دەمانەوێت لە رێگەی ئەم کۆنفڕانسەوە هاوکاری بکەین و سەرنجی وەبەرهێنەرانی بواری وزە لە دونیا بەرەو هەرێمی کوردستان رابکێشین، ئامانجی ئەم کۆنفڕانسەش هەر بۆ ئەوەیە، کە ژمارەیەکی زۆر وڵات بەشداری تێدادەکەن و تەواوی ئامانجەکەشمان کرانەوەی کوردە بە رووی دونیادا و پێدانی پێگەیە لە بازاڕە جیهانییەکاندا، بەتایبەتی پەیامەکانی بەڕێز هەورامی زۆر گرنگ دەبێت”.

هەروها جەختی لەوە کردەوە، “کە لەم دواییانە پێشهاتی گرنگ لە دونیا روویانداوە، لە تورکیا، ئەمریکا، ئەوروپا و وڵاتانی سەر دەریای ناوەڕاست ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەری کەرتی تایبەت و گشتی بەشداری تێدادەکەن و باس لە داهاتووی نەوت گاز دەکرێت و هیواخوازین پلاتفۆرمێکی هاوبەش پێکبهێندرێ”.

پێشووتر ناوەندی ستراتیژی و لێکۆڵینەوەی ئابووری و تەکنیکی  لە هەولێر کۆنفڕانسێکی هاوشێوەی ئەنجامداوە و بڕیاریشە لە رۆژانی 3-4-5 ی ئەیلولی 2014 لە İstanbul Grand Tarabya Hotel بەڕێوەدەچێت.
 
ز.ر