نزیكەی 160 هەزار كەس وەك ئاوارە روویان لە پارێزگای سلێمانی كردووە

بەپێی دوای داتای  فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی تا ئێستادا نزیكەی 160 هەزار كەس وەك ئاوارە روویان لە پارێزگای سلێمانی كردووە، ئەمرۆش پارێزگاری سلێمانی ئەو فەرمانگەی بەسەركردەوە.
بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی، لە میانی بەسەركردنەوەی فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەران، لە كارەكانی فەرمانگەكەو چۆنێتی رایكردنی مامەڵەی ئاوارەكانی پرسیەوە 
لەو رووەوە پارێزگار وێرای دەستخۆشی لە فەرمانبەرانی فەرمانگە، رێنمای پێویستی پێدان بۆ باشتر بەرێوەچوونی كاروباری فەرمانگەو كارئاسانی زیاتر بۆ ئاوارەكان.
پارێزگار تەئكیدی كردەوە كە دەبێت فەرمانگەكە بە وردی ئاماری ئاوارەكان وەبگرێت و رۆژانە ئامارەكان نوێ‌ بكرێتەوە بۆ ئەوەی بە كۆمەك و هاوكاری بەشێوەیەكی رێك و پێك بگاتە دەست ئاوارەكان.
داواشی كرد، كارئاسانی تەواو بۆ ئەو كەس و گروپ و لایەنانە بكرێت كە كۆمەك و هاوكاری بۆ ئاوارەكان  دابین دەكەن.
هەر لە بەسەركردنەوەكەدا پارێزگار بەڵێنی دا هاوكاری ئەوفەرمانگەیە بكات  بۆ دابینكردنی ژمارەیەك ئامێری پێویست بۆ راپەراندنی ئیش و كاری فەرمانگەكە.
سەبارەت بە خراپی بینای فەرمانگەكەش پارێزگار رایگەیاند لە داهاتوودا هەوڵی چارەسەكردنی ئەو كێشەیە دەدەین و بینایەكی شیاوتر بۆ فەرمانگەكە دابین دەكەین.
پارێزگاری سلێمانی كاری فەرمانگەی كۆچ و كۆچبەرانی بەرز نرخاند و وەك كارێكی نیشتیمانپەروەرانە وەسفی كرد ، بەوەی  فەرمانگەكە  لەرێگەی خزمەتكردنی ئاوارەكانەوە بە تایبەت ئاوارە  كوردەكانی شەنگال و شەبەك ئەركێكی نەتەوەی و نیشتیمانی گەورە رادەپەرێنن.
 
ز.ر