چین به زیاتر له یه‌ك ملیار و 300 ملیۆن دانیشتوانه‌وه له‌ماوه‌ی بیست ساڵی رابردوودا له‌ڕووی ئابوورییه‌وه چه‌ندین هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ناوه، له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا، توانی جێگه به ژاپۆن له‌ق بكات و ببێته دووه‌م وڵاتی ئابووری جیهان له‌دوای ئه‌مه‌ریكا كه تائێستاش یه‌كه‌م وڵاتی ئابووری جیهانه.
ئێستا چین له بواری بازرگانیدا شان له شانی ئه‌مه‌ریكا ده‌دات و به‌دووریش نازانرێ له چه‌ند ساڵی داهاتوودا پێش ئه‌مه‌ریكا بكه‌وێت.
به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن، چین له‌ڕووی ژماره‌ی گه‌شته بازرگانییه‌كانه‌وه یه‌كێكه له وڵاته هه‌ره گرنگه‌كان و له‌وانه‌شه تاساڵی دووهه‌زار و شازده زیاتر پێش بكه‌وێت و ژماره‌ی گه‌شته بازرگانییه‌كانی له ئه‌مه‌ریكا زیاتربێت.
به‌های ئه‌و گه‌شته بازرگانیانه‌ی له‌ماوه‌ی ئه‌مساڵدا له چین ئه‌نجام دراون گه‌یشتۆته 225 ملیار دۆلار، ئه‌وه‌ش ده‌كاته رێژه‌ی سه‌دا 23ی كۆی گشتی گه‌شته بازرگانییه‌كانی هه‌موو جیهان كه یه‌ك ترلیۆن و 100 ملیار دۆلاره.
وه‌ك سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی پێكردووه، ئه‌و ژماره‌یه ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت كه چین له‌دوای ئه‌مه‌ریكا دووه‌م وڵاته كه زۆرترین گه‌شتی بازرگانی تێدا ئه‌نجام درابێت و ئه‌مه‌ریكاش كه یه‌كه‌مه، به‌های سه‌رجه‌م گه‌شته بازرگانییه‌كانی ده‌گاته 274 ملیار دۆلار.