بەم سێ‌ ڕێنماییەهەڵسوكەوت لەگەڵ پارەدا بكە

ئەگەر كێشەی داراییت هەبێت بە تایبەت ئەوانەی گیرۆدەی دیاردەی قەرز و قیست بوون یان موچەو داهاتەكەیان بەشی پێداویستیەكانیان ناكات، دەتوانیت سود لە كۆمەڵێك ڕێنمایی گرنگ وەربگریت كە یارمەتیت دەدات لە ڕێخستنەوە بواری دارایی تایبەتی خۆت و خانەوادەكەت  و داهاتویەكی دارایی دڵنیات بۆ بەدی بێنێت.
(ماری بیت) پلان دانەری دارایی بەریتانی، لەو بڕوایەدایە هەموو تاكێك لە سەرەتای تەمەنیەوە  شێوازی ژیانی دیاری دەكات بە تایبەت كارو باری دارایی، بە جۆرێك تاك پلان بۆ بواری دارایی دادەنێت  و سەرچاوەی داهاتەكەی دیاری دەكات و بەندەكانی خەرجییەكانی دیاری دەكات لە قۆناغەكانی ژیانی تایبەتیدا، لە خوارەوە سێ هەنگاوی گرنگی دارایی دەخەینە ڕوو بۆ هاوسەنگی دارایی تاكە كەس:
یەكەم: لەوەی دەستت دەكەوێت كەمتر خەرج بكە:
بە مانای خەرجیەكانت كەمتر بێت لەو داهاتەی كە دەستی دەخەیت، ئەمەش بە ئاسانی دارایی بەردەستت زیاد دەكات و ئەمەش بنەمای گرنگی ئیدارەدانی داراییە و ڕێگای سامانداربوون و گەشتنە بە ئامانجەكانی ژیانە، جێبەجێ كردنی ئەم بنەمایە دڵە ڕاوكێكانتان لە بەرامبەر دارایی كەم دەكاتەوە،  چونكە بەم هەنگاوە تاكە كەسەكان دەتوانن ئەو مافە داراییانە كە لە سەریانە لە كاتی خۆیدا بدەنەوە  و بڕە پارەی پێویستیشیان هەبێت تا لە كاتە كتوپڕەكاندا بۆی بگەڕێنەوە و پێداویستییە كتوپڕەكانیان بۆ پڕ بكاتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەوانەی خەرجیەكانیان لە داهاتەكانیان زیاترە هەمیشە كەوتونەتە ژێرباری قەرز و قیستەوە و بەردەوام لە بەردەم هەڕەشەی ئیفلاس بوون و نەبوونی داهاتدان. لە ڕاستیدا ئەوە گرنگ نییە ژیانت بە هەژاری یان دەوڵەمەندی دەستپێكردووە، ئەوانەی دەوڵەمەندن و زیاد لە داهاتەكانیان خەرج دەكەن ڕۆژێك دادێت ماڵ و سامانیان لە دەست دەچێت، ئەوانەشی هەژارن هەمان هەڵسوكەوتی دارایی ئەنجام دەدەن هەرگیز ژیانیان ناگۆڕێت و زەنگین نابن، كەواتە شێوازی خەرج كردن  یان ژیانت دروست دەكات یان دەیشێوێنێت .
دووەم: تا دەتوانیت بەرهەمهێن بە:  
زۆرن ئەو كەسانەی جیا  لە پسپۆرٍیەكەی خۆیان هیچ لە بوار و پسپۆڕیەكانی تر نازانن و ناچار بۆ دەست خستنیان بەهاو نرخێك دەدەن، ئەمەش بەشێك لە داهات و دەرامەتی خێزان دەبات، بۆنمونە لەكاركەوتنی ئامێری كارەبایی ناوماڵ یان تێكچونی تۆڕی ئاو  یان تێكچوون و لە كاركەوتنی ئۆتۆمبێل، بۆ هەریەك لەم كارانە ناچار وەستایەك كارەكەت بۆ بكات، ئەویش لە بەرمبەر ئەو خزمەت گوزارییە بڕە پارەیەكی دەوێت، بەڵام زۆریش هەن  شارەزایی لەم بوارەنەدا هەیە خۆی ئۆتۆمێلەكەی خۆی چاك دەكاتە و یان گرفتێكی كارەبایی ناوماڵ هەبێت خۆی چارەی دەكات، بەمە داهاتی بۆ دەگەرێتەوە و دەتوانێت پێداویستیەكی تری پێ پڕ بكاتەوە، كورد واتەنی (ئەوەی ئەیدەیت بە كرێ بیدە بە ترێ)، لە وڵاتێكی وەك چیندا سەرتاشخانە نییە، ئەوان ئەو پیشەیە بە كارێكی بەرهەمدار لە قەڵەم نادەن، لە قوتابخانەدا وەك وانەیەك دەخوێندرێت و منداڵان بەو پیشەیە فێر دەكەن.
سێیەم: هەوڵ بدە بڕە پارەی تر پەیدا بكەیت:
دەست خستنی داهاتی زیاتر گرفتە داراییەكانت بۆ چارە دەكات، ئەگەر تۆ لە بوارێك یان پیشەیەكی دیاری كراو كاردەكەیت  و دەتوانیت لە بوار و پیشەیەكی تر كار بكەیت، لەو كاتەدا دەتوانیت داهاتێكی زیاتر بەدەست بێنیت و خێراترو باشتر پێداویستیەكانت پڕ بكەیتەوە و بگەیت بە ئامانجە ئابوری و دارایی وكۆمەڵایەتیەكان و هەر مەبەستێك و خەونێكی تایبەتی، ئەم هەنگاوە داراییە كاریگەری كەڵەكە بووی هەیە بە پێی كات، كاتێك دەزانیت (ئەگەر باش ئیدارەی خەرجی و داهاتت بكەیت) بویت بە خاوەنی سامان و پاشەكەوتێكی باش، ئەگەر تەنها یەك سەرچاوەی داهاتت هەبوایە بەو جۆرە نەدەبوو.
خەڵك