شەش ملیۆن هاوڵاتی عێراقی لەژێر هێڵی هەژارییەوەن

رێژەی راستەقینەی هەژاری لە عێراقدا بۆتە جێی باس و خواسی زۆریك لە ئابوریناس و رێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان و بیروبۆچوونی جیاواز لەو بارەیەوە هاتۆتە ئارا، چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی و شارەزایانی نێوخۆیی ئەوەیان ئاشكراكردووە، لە ئێستادا رێژەی هەژاری لە عێراقدا بۆ سەرووی (20%) بەرزبۆتەوە، واتە بە نزیكەیی (6) ملیۆن هاوڵاتی عێراقی لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین، ئەویش لە نەبوونی پلان و ستراتیژێكی دیار بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی هەژاری لە عێراقدا.
وەزارەتی پلاندانانی عێراقی رایگەیاندووە، لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا رێژەی هەژاری لە عێراقدا لە (23%) وە بۆ (18%) دابەزیوە، ئەویش لە ئەنجامی ستراتیژێكی سەركەوتوو بە هاوكاری چەند لایەنێكی نیچوخۆیی و دەرەكی لە نێویاندا بانكی دراوی نێودەوڵەتی.
لە لایەكی دیكەوە جاسم محەممەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان رەخنەی لە راگەیاندنەكەی وەزارەتی پلاندانان گرت و بە ناراستی دانا، جاسم محەممەد بە ئاژانسی هەواڵیی (دنانیر)ی راگەیاندووە:”ئامارەكانی وەزارەتی پلاندانان ورد نین و هیچ لێكدانەوەیەكی زانستی و دروستیان لە پشتەوە نییە، ئەویش بە هۆی ئەوەی حكومەت لەم قۆناغەدا ئیرادەی راستەقینەی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی خەڵكەكەی خۆی نییە”، داواشی لە وەزارەتی پلاندانان كرد تەفسیری ئەو ژمارە و زانیاریانە بۆ خەڵك بكات كە لە ئامارەكەیدا بڵاوی كردوونەتەوە.
ئەو ئەندام پەرلەمانە ئەوەشی راگەیاندووە،”عێراق ئێستا لە دۆخێكی چەقبەستوویی ئابوریدا ئەژی، ئەویش لە ئەنجامی نەبوونی دنیابینییەكی روون لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ پێشتخستن و هەستاندنەوەی ئابوری وڵات، بە پێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكانیش لە عێراق (33) ملیۆن كەس لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، ئەمە لە وڵاتێكدا كە بودجەی ساڵانەی نزیکی (150) ملیار دۆلارە.
رۆژی هەینی رابردوو لە وتاری هەینیدا، عەبدولمەهدی كەربەلایی، نوێنەری عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان لە عێراق، سەرسوڕمانی خۆی لە بەرزی رێژەی هەژاری لە عێراقدا دەربڕیوە، وتوویەتی: جێگای سەرسوڕمانە لە وڵاتێك كە بوجەی ساڵانەی نزیكی (150) ملیار دۆلار بێت، (6) ملیۆن كەس لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بن.
محەممەد ئەلمەندەلاوی، كە پسپۆڕێكی ئابورییە بە هەمان ئاژانسی راگەیاندووە:”رێژە و ئاستی هەژاری لە وڵاتدا بە  ئاستی داهاتی تاك و بوونی شوێنی نیشتەجێبوون دەپێورێت، ئەوەی ئەمڕۆ لە عێراق دەیبینین قەیرانێكی خنكێنەری نیشتەجێبوون بەرۆكی گرتووە و بە هەزاران خێزانی عێراقی لە خانوو یان شوێنی هەرەمەكی و نەگونجاودا ژیان دەگوزەرێنن.
محەممەد ئەلمەندەلاوی، ئەوەش دەڵێت، بە پێی ئاماری وەزارەتی پلاندانان، ئێستا (7%)ی خێزانە عێراقییەكان لە ناوچە هەرەمەكییەكان ژیان بەسەر دەبەن، (24%)ی دانیشتوانیش بێكارن، ئەمەش یەكێكە لە هۆكانی زیادبوونی هەژاری لە وڵاتدا، سەرەڕای بەردەستبوونی ئیمكانیاتی گەورەی دارایی و مرۆیی، حكومەت نەیتوانیوە ئاستی بژێوی هاوڵاتیانی خۆی بەرزبكاتەوە و كێشەی نیشتەجیبوون كەمبكاتەوە.
بەڵام، مەهدی ئەلعەلاق وەزیری پلاندان سورە لەسەر راكەی خۆی كە دەڵێت، رێژەی هەژاریمان بۆ (18%) كەمكردۆتەوە لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، بێئەوەی ئاماژە بكات بەوەی لەوبارەیەوە پشتی بە چ ئامارێك بەستووە.
خەڵك