هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەبێت ماوەیەکی دیکە راوەستن بۆ ئەوەی دادگایەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆی دەرکەوێت کە ئایا بۆی هەیە رێگە بە دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی ئەمریکا بدات بۆ ئەوەی دەستبەسەر بارە نەوتێکی هەرێمی کوردستان بگرن، کە بەهاکەی خۆی لە 100 ملیۆن دۆلار دەدات.
کەشتی نەوتهەڵگری کالاڤرڤتا کە هەڵگری یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانە لە کەنارەکانی تێکساس لە دەریا راوەستاوەو چاوەڕوانی بڕیاری دادگا دەکات.
پارێزەرانی وەزارەتی نەوتی عێراق مانگی رابردوو توانییان قەناعەت بە دادوەرێکی ئەمریکی بهێنن بۆ ئەوەی دەستبەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگری نەوتی هەرێمی کوردستان بگرن کە نزیکببووەوە لە ئاوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەو بڕیارە رێگە بە دەسەڵاتدارانی ئەمریکی دەدات بۆ ئەوەی لەسەر خەرجی حکومەتی عێراق بارە نەوتەکە کە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوە کۆگابکرێت تا دادگا ئەو کەیسە یەکلایی دەکاتەوە.
ئەو کەیسە ئێستا لە دادگای فیدراڵی هۆستۆن لەلایەن “گرەی میلەر” دادوەری ئەمریکی سەرپەرشتی دەکرێت.
دادوەرە ئەمریکییەکە رایگەیاندووە کاتی زیاتری بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی دادگا پێویستە کە بەزۆری لەسەر ئەوە دەبێت کە لە چ کاتێکدا حکومەتی عێراق کونترۆڵی ئەو بارە نەوتەی لەدەستداوە.
ئەگەر حکومەتی عێراقی کۆنترۆڵی ئەو نەوتەی لە دەستدابێت ئەو کاتەی لە تورکیاوە بارکراوە ، رەنگە گرەی میلەری دادوەر دەسەڵاتی ئەوەی هەبێت بەپێی یاسا دەریاییەکانی ئەمریکا بڕیارێک سەبارەت بەو کەیسە دەربکات.
ئەگەر بەپێچەوانەوە دەرکەوێت کە حکومەتی عێراق کۆنترۆڵی ئەو بارە نەوتەی هەر لەو کاتەوە لە دەستداوە کە لە خاکی ئەو وڵاتەوە بە رێی بۆرییەوە هەناردەی تورکیا کراوە، ئەوا دادگای ئەمریکا تەنیا لە کاتێک دەتوانێت بڕیارێک سەبارەت بەو بارە نەوتە دەربکات کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە قایل بێت، کە راگەیەندراوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوە قایل نییە.
هارۆڵد واتسۆن، پارێزەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی رۆژی هەینی دادگای هۆستۆن وەک وتاری خۆی لە داکۆکیکردن لە مافی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە ” پرسیارەکە ئەوەیە کەی ئێمە کۆنترۆڵی ئەو نەوتەمان کردووە کە ئەوەش لە خاکی عێراق بووە”.
واتسۆن لە درێژەی بەرگرینامەکەی دەڵێت، ” ئایا هێزی دەریایی ئەمریکا دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەر بکات.؟ بە دڵنیاییەوە ناتوانێت، ئەوە ئەرکی دەستووری عێراقە کە دەتوانێت ئەو کێشەیە یەکلایی بکاتەوە.”
هەردوو لایەنی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو دادگا ئەمریکییە رایانگەیاندووە کە پێیان باشە ئەو کێشەیە لە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق یەکلایی بکرێتەوە.
هەردوو لایەنی کوردی و عێراقی گرفتاری شەڕێکی یاسایی بوونەتەوە حکومەتی عێراقی پێیوایە تەنیا ئەو دەسەڵاتی رەهای هەیە لە بەرهەمهێنان و فرۆشتنی هەموو نەوتی عێراق لە هەموو ناوچەکانی دا.
حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێیوایە بەپێی دەستووری عێراق مافی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتی خۆی هەیە. ئەوە سەرەرای ئەوەی کە حکومەتی عێراق بە تاوانبار دەزانێت لە پێنەدان و قەرەبوونەکردنەوەی قوربانیانی دەستی ئەنفال و جینۆسایدی کورد.
سەرەرای ئەوەش ئەوە بۆ حەوت مانگ دەروات حکومەتی عێراق مووچە و بودجەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی نەناردووە.
سەرچاوە – روداو