لە سلێمانی سواڵكردن قەدەغە كرا

دیاردەی سواڵكردن بە تەواوی لە شاری سلێمانی قەدەغەدەكرێت و لەمەودوا ئەو كەسانەی كە سەرقاڵی سواڵكردنن لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەكرێن ,
ئەم بڕیارە نوێیە لە میانەی كۆبوونەوەی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و ژمارەیەك لە لێپسراوانی پەیوەندیداردا هات كە لە دیوانی قائیمقامیەت بەڕێوەچوو ,
لە كۆبوونەوەكەدا قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند سەرباری هەوڵەكانی رابردوویان بۆ رێگری كردن لە دیاردەی سواڵكردن بەڵام تاكو ئێستا دیاردەكە لە شاری سلێمانی بەدی دەكرێت و رۆژانە ژمارەیەكی زۆر لە سواڵكەران لە سەرشەقام و گەڕەكەكاندا سەرقاڵی سواڵكردنن كە ژنان و منداڵان زۆرینەیان پێكدەهێنێت ,
ئاوات محەمەد راشیگەیاند سەرباری ئەوەی سواڵكردن یەكێكە دیاردە ناشارستانیەكان لەگەڵ ئەوەشدا بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین كێشەو گیروگرفت ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بۆ رێگری كردن لە هەموو ئەو كێشەو گیر و گرفتانەو هەروەها بنەبڕكردنی دیاردەكە لەمەودوا هەموو ئەو كەسانەی كە سەرقاڵی سواڵكردنن لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر دەكرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت , 
ووتیشی پاش دەستگیركردنیان ئەو كەسانەی كە نەداری پاڵنەریانبووە بۆ سواڵكردن لەلایەن چاودێری كۆمەڵایەتیەوە داڵدەدەدرێن و پێداویستیەكانی ژیانیان بۆ دابین دەكرێت بەڵام ئەو كەسانەی كە سواڵكردنیان كردووەتە پیشە بۆ پەیداكردنی پارە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت و رێگەیان پێنادێت كە بەردەوام بن لەسەر سواڵكردن.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا بڕیاردرا لە نزیكترین كاتدا لیژنەی رێگری كردن لە دیاردەی سواڵكردن كە سەر بە لیژنەهاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیە لەگەڵ تیمەكانی پۆلیس دەست بەكاردەبن لە دەستگیر كردنی ئەو كەسانەی كەسواڵدەكەن و لەمەودوا رێگە بەهیچ كەسێك نادرێت لە شاری سلێمانی سواڵ بكات .
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی