پەیوەندیە بازرگانییەكانی عێراق لەگەڵ كوەیت وئەردەن لاوازبون

بازرگانێكی كوه‌یتی ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر ڕه‌وشی عێراق له‌خراپبووندا بێت، ئه‌وا ئاستی هه‌نارده‌كردنی كه‌لوپه‌ل  وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق، ده‌بێته‌ سفر.
ڕۆژنامه‌ی (ئه‌لوه‌ته‌ن)ی كوه‌یتی له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌ك بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌ری وڵاته‌كه‌یه‌وه‌، بڵاوی كردوه‌ته‌وه‌، سه‌رباری به‌رده‌وامی له‌هه‌نارده‌كردنی كه‌لوپه‌ل له‌ كوه‌یته‌وه‌ بۆ عێراق، به‌ڵام به‌هۆی تێكچوونی به‌رده‌وامی باری ئه‌منی و سیاسیی عێراقه‌وه‌، ئاستی هه‌نارده‌كردن، كه‌می كردوه‌‌و ئه‌گه‌ر ڕه‌وشه‌كه‌ به‌وجۆره‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وا ئاستی هه‌نارده‌كردن ده‌بێته‌ سفر.
وه‌ك بازرگان و وه‌به‌رهێنه‌رانی‌ كوه‌یت، ئاماژه‌یان پێكردوه‌، ئێستا له‌عێراقدا پڕوپاگه‌نده‌ی زۆر بڵاوه‌و ئه‌وه‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌بێت.
به‌هۆی ئه‌و ڕه‌وشه‌ سیاسی و ئه‌منییه‌ی عیراقی پێدا ده‌گوزه‌رێت، په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و بازرگانییه‌كانی نێوان هه‌ریه‌ك له‌ عێراق و ئوردن و كوه‌یت، به‌ره‌و پاشه‌كشه‌كردن چوه‌و ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی بۆ سه‌ر ژێرخانی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌بێت، چونكه‌ ئاستی هه‌نارده‌كردنیان بۆ عێراق، ڕووی له‌دابه‌زین و كه‌مبوونه‌وه‌ كردوه‌.