وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ گرێبه‌ستی كۆمپانیای رۆڵاند بێگه‌رهه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرێبه‌ستی كۆمپانیای رۆڵاند بێگه‌ر هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌.
 
عه‌بدولستار مه‌جید وه‌زیری كشتوكاڵی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌مباره‌وه‌ ده‌ڵێت ‘لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و ڕێگا گرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی، ئه‌وه‌یان كردوه‌’.
 
گووتیشی ‘لەبەر پابەندنەبوونی کۆمپانیای (ڕۆلاند بێرگەر) بۆ ڕاوێژکاری ستراتیژی بە ناوەڕۆکی گرێبەستی واژۆ کراوی نێوانمان، گرێبه‌سته‌كه‌ کە لە 14/11/2013 واژۆ کراوە کە دەبوو لە ماوەی ساڵێکدا کارەکانی بە پێی گرێبەستەکە تەواو بکا، بەڵام ناوبراو پابەند نەبووە بە گرێ بەستەکە ئەمەش بە پێی ڕاپۆرتی لێژنەی سەرپەرشتیاری کە دەبوو هەیکەلێکی تازەو مۆدێرن بۆ وەزارەت دابڕێژێ و نەخشە ڕێگای ستراتیژی بۆ کشتوکاڵی کوردستان بۆ ساڵی 2014-2018 ئامادە بکاو زیاکردنی وەبەرهێنان و هەندێ کاری تر کە دەبوو ئەنجامی بدا، بەڵام هیچیانی بەو شێوە نەکردوە کە لە ڕێککەوتنەکە دا هاتووە’.
 
ئاشكراشی ده‌كات كه‌ دووبارە هەیکەلەکردنی وەزارەت یەکێک بووه‌ لە چالاکییە سەرەکیەکانی گرێبەستەکە و نرخی تەرخان کراو  1.941.612 دۆلار بووه‌، بەڵام دوای تێپەڕ بوونی هەشت مانگ تەنانەت هەیکەلیەتی یەک بەڕێوەبەرایەتیشیان تەواو نەکردووە، کەواتە چۆن لە چوار مانگی داهاتوو دەتوانن هەیکەلی 11 بەڕێوەبەرایەتی گشتی و 7 بەڕێوەبەرایەتی تری وەزارەت تەواو بکەن کە کۆتایی گرێبەستەکە لە 13/11/2014 تەواو دەبێ، به‌وهۆیه‌وه‌ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستەیان داوه‌، ئەمەش لە پێناو ئەوە بوو کە ئەو بڕە پارە زۆرە بۆ وەزارەت بگەڕێتەوە و لە بەرژەوەندی گشتی بەکار بێت.