جێگری یەكەمی سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەڵێت ئەگەر روداوەكانی ئەم دواییەی عێراق و هەرێمی كوردستان كاریگەری هەبوبێت لەسەر رەوشی بازرگانی لە هەرێمدا هۆكارەكەی ئەوەیە كە هەرێم ناوچەیەكی ترانزێتی بازرگانییە .
یاسین رەحیم فەرەج بۆ سایتی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی رونیدەكاتەوە و دەڵێت،” لە ئێستا و رابردودا پەیوەندی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا بەردەوامبوە و ئەو بازرگانانەی هەرێمیش كە لە ئیرانەوە كاڵایان هاوردەدەكرد بەتەنها بۆ پێداویستییەكانی هەرێم نەبو بەڵكو دەیاننارد بۆ شارەكانی دیكەی عێراق و لە نێوەندەشدا هەرێمی وەكوردستان وەك ترانزێتێك بوە و ئەگەر لە ئێستادا ئەو پەیوەندیە لاوازبوبێت هۆكارەكەی ئەوەیە كە رێگا وشكانییەكانی شارەكانی ناوراست و خواری عێراق گیراون ” .
بە بۆچونی رەحیم، پێویستە لەسەر ژورە بازگانییەكانی ئێران و هەرێمی كوردستان ئەو گرفتانەی دیكەش چارەسەر بكەن كە دەبنە رێگر لەبەردەم كاری بازرگانانی هەردولادا .
جێگری یەكەمی سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سەرجەم بازرگانان و پیشەسازانی ئەو ڵاتانە ئاگادار دەكاتەوە كە ئاسایشی هەرێمی كوردستان ئارامە و هیچ گرفتێكی وەها نیە كە رێگربێت لە هاتنیان بۆ كاركردن .
یاسین رەحیم بەرردەوامی گەشتە ئاسمانیەكان و هاتنی ئاوارەكان بۆ هەرێمی كوردستان بە بەڵگەی ئارامی و پارێزراوی ئاسایشی هەرێمی كوردستان وەصفدەكات بەوەی شوێنێكی گوجاوە بۆ كاركردن .
ئا- بەهێز عوسمان