ژورە بازرگانییەكانی هەرێم هەوڵی چارەسەركردنی گرفتە ئابورییەكان دەدەن

بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی بەهۆی روداوەكانی ئەم دواییەی عێراقەوە روبەڕوی بوارەكانی بازرگانی و پیشەسازی بونەتەوە ،بڕیارە لە داهاتویەكی نزیكدا سەرجەم ژورە بازرگانی و پیشەسازییەكانی هەرێمی كوردستان كۆبونەوەیەك ئەنجامبدەن .
ئەمەش دوای ئەو كۆبونەوەیە هات كە 12ی ئەم مانگە لە هەولێر لە نێوان سیروان محمد سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و حەمید فەرەج ئەندامی ئەنجومەنی کارگێری ژوور لەگەڵ ساماڵ سەردار  وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا و تێیدا ڕەوشی بازرگانی  و پیشەسازی ناوچەکە و عێراق و بەتایبەتی سلێمانی تاوتوێ کران. 
هەر لە میانی ئەو كۆبونەوەیەدا بڕیاردرا کە کۆبونەوەیەك لەگەڵ سەرجەم  ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم ئەنجامبدرێت بەمەبەستی تاوتوێکردن و چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی بەهۆی روداوەكانی ئەم دوایییەی عێراق و هاتنی چەكدارانی داعش و گروپە چەكدارە توندرەوەكانەوە روبەڕوی بوارەكانی بازرگانی و پیشەسازی بۆتەوە. 
جەختیش لەسەر بەردەوام بونی ئەو کۆبونەوانە كرایەوە بۆ گەێشتن بە دەرئەنجامێکی باش وبەروە پێشچونی ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازی لە هەرێـم.
ئەمەش جگە لە کارکردن بۆ  کردنەوەی  پەیوەندی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی سلێمانی لەگەڵ بەغدا کە کاریگەریەکی زۆری هەبووە لەسەر بازرگانان و هاوڵاتیان لەماوەی ڕابردودا لەگەڵ کار کردنی جدیش بۆ گەڕانەوەی ئەو پەیوەندیە بۆ دۆخی ئاسایی .
بەشێکی تر لە کۆبونەوەکە باسكردنبوو لە هەموارکردنەوەی چەند یاسایەكی بازرگانی بۆئەوەی بازرگانان زیاتر سودمەند بن لە هەناردەو هاوردەكردنی کاڵاکاندا.
هاوكات کاركردنی زیاتر بۆكردنەوەی ناوچەی ئازادی بازرگانیش بۆ بازرگانانی شاری سلێمانی، تەوەرێكی دیكە بو لە كۆبونەوەكەی سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی و وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان كە ١٢ی ئەم مانگە لە هەولێر ئەنجامدرا .
هاوكات  سەرۆك و ئەندامەكەی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی پێرۆزبایی پۆستەکەیان لە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم کرد و دەستخۆشییان لێ کرد بۆ ئەو کار و چالاکیانەی لەم ماوەیەدا کردویەتی. 
هاوكات وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم دەستخۆشی لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی کرد بۆ هەمو ئەو کار و چالاکی و خزمەتانەی کردویانە بە بازرگانان و ڕەوشی بازرگانی و پیشەسازی لە ناوچەکەدا. 
ئا- بەهێز عوسمان