لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی بەهرۆز محەمەد ساڵح پارێزگاری سلێمانی و بەرێوەبەری لێپرسراوانی فەرمانگەكانی سلێمانی و ژمارەیەك لە وەبەرهێنەرانی سلێمانی ، بینای كۆمەڵگەی فەرمانگەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كرایەوە.
بیناكە لە سێ نهۆم پێكهاتووە، و رووبەرەكەی 6730 مەتر دوجایە و بە تێچوونی 3 ملیارد دینار لەسەر ئەرك و بودجەی كۆمپانیای هیوا رەوف بۆ وەبەبەرهێنان و گەشەپێدان دروستكراوەو لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە سەرپەرەشتی كراوە، بیناكەش تەرخانكراوە بۆ فەرمانگەكانی بازرگانی و پیشەسازی، بەتایبەتی بۆ شەش فەرمانگە لەو فەرمانگانەی كە ئێستا لە نێو بینای سایلۆی سلێمانیدان
لە مەراسیمی كردنەوەی بیناكە پارێزگاری سلێمانی وتارێكی پێشكەش كرد
پارێزگار لەسەرەتای وتارەكەیدا سڵاو رێزی خۆی و ئامادەبووانی نارد بۆ پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان و كەسوكاری شەهیدانی سەربەرز.
هەروەك سڵاو ئاراستەی كوردانی ئێزدی و شەبەك و مەسیحیەكان كردوو ، سوپاسی خۆڕاگیری كردن بەرامبەر تیرۆریستان.
لەبەشێكی تر وتەكانیدا پارێزگار تیشكی خستە سەر بارودۆخی ئەمرۆی كوردستان و هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر باشوری كوردستان و رایگەیاند: ” كردنەوەی ئەم بینایە لە هەلومەرجێكدایە كوردستان لەبەردەم مەترسی جدی تیرۆری نێو دەوڵەتیدایە و چەكدارانی تیرۆریستی داعش هەموو هەوڵێكیان بەگەڕ خستووە بۆ تێكدانی ئەزموونی خۆبەرێوەبەری كوردستان و گێرانەوەی كوردستان بۆ سەدەكانی ناوەڕاست”
پارێزگار ئاماژەی بۆ ئەوەكرد مەترسی هێرشی تیرۆریستان سەرجەم هێزە كوردستانییەكانی لە هەرچوار پارچەكەی كوردستان یەك خستووەو بە دەستێكی پۆڵاین رووبەرووی ئەو مەترسیە بوونەتەوە،و وتی: “بۆیە ئێمە ئۆمێدمان زۆرە بە هیمەتی پێشمەرگە و پشتیوانی گەلەكەمان و دۆستانمان لە دنیا كۆتای بەم بارودۆخە بهێنین و مەترسی تیرۆر لە سەر ئەزموونەكەمان و گەلەكەمان بڕەوێنینەوە”
پارێزگار لەبەشێكی تری وتەكانیدا ئاماژەی بە هاتنی ژمارەیەكی زۆر لە ئاوارە بۆ پارێزگای سلێمانی كرد و رایگەیاند ” دەیان هەزار لە رۆڵەكانی كوردی ئێزدی و شەبەك و مەسیحی و پێكهاتەكانی تر ماڵ و حاڵیان لێ تێك چووەو پەنایان بۆ پارێزگاكەمان هێناوە ئێمە ش لە روانگەی مرۆی و رەوشتی كوردایەتییەوە بە هاوكاری هاووڵاتیان و رێكخراوە پەیوەندیدارەكان هەرچیمان پێ كرابێت درێغیمان نەكردووە.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا پێویستمان بە هاوكاری زیاتری هەموو لایەك هەیەو هیوادارم هەموو لەلایەك لە مەترسی قۆناغەكە تێبەگەین و بە هاوكاری یەكتر بن بۆ تێپەراندنی ئەم بارودۆخە”
سەبارەت بە پرۆژەی بینای فەرمانگەكانی بازرگانی و پیشەسازی پارێزگار لە وتەكەیدا تیشكی خستەسەر میكانیزمی جێ بەجێ كردنی ئەو پرۆژەیە لە لایەن كەرتی تایبەتەوە بۆ فەرمانگە حكومییەكان.
لەو رووەوە پارێزگار رایگەیاند: بەپێی یاسای وەبەرهێنان، زەوی بێ بەرامبەر دەدرێت بە وەبەرهێنەران بۆ ئەنجامدانی پرۆژە، بەڵام ئێمە بە پاڵپشتی وەبەرهێنەران لە پارێزگای سلێمانی بەجۆرێكی تر مامەڵەمان لەگەڵ یاساكەدا كردووە، ئێمە بیرۆكەیەكی نوێمان هێنایە ئاراوەو لەبەرامبەر پێدانی زەوی بە هەندێك لەپرۆژەكانی وەبەرهێناندا داوامان لە وەبەرهێنەران كرد چەند پرۆژەیەك بۆ بەرژەوەندی گشتی جێ بەجێ بكەن، خۆش بەختانە ئەم بیرۆكەیە سەری گرت و وەبەرهێنەران هاتن بە دەنگ بیرۆكەوە و لە ئێستادا چەندین پرۆژە بە تایبەت دروستكردنی بینا بۆ فەرمانگەكانی حكومەتی هەرێم بەم میكانیزمە جێ بەجێ دەكەین و ئەم بینایەی ئەمرۆش دەیكەینەوە بەرهەمی ئەو بیرۆكەیەیە.
پارێزگار وتیشی: ئێمە زەوی سایلۆی سلێمانی كە لەئێستادا هەم شوێنەكەی و هەم بیناكەی كەڵكی بەكارهێنانی نەماوە، بەپێی یاسای وەبەرهێنان بەخشیووە بە كۆمپانیای هیوا رەوف كە كۆمپانیاكە پرۆژەیەكی بازرگانی و پرۆژەیەكی گەشتیاری و پاركێكی گشتی تێدا بونیاد دەنێت ، لەبەرامبەریشدا كۆمپانیای ناوبراو لەسەر ئەركی خۆی سایلۆیەكی 40 هەزار تەنی لە ناوچەی سەیدسادق دروست دەكات كە لەئێستادا دەست بەكاربووەو نزیكەی 25%ی كارەكانی تەواو بووە، هاوكات ئەم بینایەشی بۆ فەرمانگەكانی بازرگانی پیشەسازی دروست كردووە كە لەسێ نهۆم پێكهاتووە و شەش فەرمانگەی حكومی لە خۆی دەگرێت
پارێزگار ئاشكراشی كرد بە پێی گرێبەستیش لەگەڵ وەبەرهێنەر تا هەردوو پرۆژەكە تەواو نەبێت زەوی سایلۆكە رادەست ناكرێت.
هەروەك پارێزگار سوپاسی كۆمپانیای هیوا رەوف ئەنجامدەری پرۆژەكەی كردو و دەستخۆشی لێكردن كە شوێن دەستیان لەشاری سلێمانی دیارە و هیوای خواست نمونەیان زۆر بێت.