وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەیاننامەیەك بڵاودەكاتەوە

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا رایگەیاند، كە ئەوان گرنگی زۆر بە ئاسایشی هەموو كارمەندانی نەوتی دەدەن لە باشووری كوردستان و تاكو ئێستا دوژمن نەیانتوانیوە چالاكییە نەوتییەكان بكاتە ئامانج و هەروەها ئەوەشی راگەیاندووە، كە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەناردەی نەوت بۆ بەندەری جەیهان و كۆمپانیا وەبەرهێنەرەكانیش پشكی خۆیان لە داهاتی نەوت وەردەگرن.



وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها داوا لە كۆمپانیا كاركەر و خزمەتگوزارییەکانی هەرێمی كوردستان دەکات، كە “هیچ هەنگاوێك نەنێن بەبێ هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا لەبەرئەوەی لەوانەیە ببێتە مایەی دروستبوونی ئاڵۆزیی ناپێویست و لە هەندێ حاڵەتدا زیان بە بەرژەوەندی كۆمپانیا كاركەرەكان و پێویستییە گشتییەكانی هەرێم بگەیەنێت”.



دەقی بەیاننامەكە:



وەزارەتی سامانە سروشتیەكان گرنگیەكی زۆر دەدات بە سەلامەتی و ئاساییشی هەموو كارمەندانی پیشەسازی نەوت و چالاكیەكانیان لە هەرێمی كوردستاندا.



وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ دەزگاكانی ئاساییشی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا سەبارەت بە بارودۆخی ئاساییش لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و بەردەوام هەموو زانیاریە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ بەڵێندەرەكانیدا هاوبەشی پێدەكات.



تاكو ئێستا، دوژمن نەیتوانیوە چالاكیەكانی نەوت لە هەرێمدا بكاتە ئامانج، بەڵام وەك رێوشوێنێكی ئامادەباشی، هەندێك لە چالاكیەكانی بەدواداگەڕان لەو ناوچانەدا كە نزیكن لە ئەگەری روودانی شەڕ بەشێوەیەكی كاتی وەستاون و كارمەندانیش گوازراونەتەوە.



بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمدا كاری تێنەكراوە و بەردەوام بۆ بازاڕەكانی ناوخۆ و دەرەوە دەنێردرێت. لە راستیدا حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕواندەكات كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان بەرهەمهێنانیان لە چەند هەفتەی داهاتوودا زیاد بكەن لە كاتێكدا بەرەپێشچوونەكانی ژێرخانی هەناردەكردن تەواو دەبێت هەروەك نەخشەی بۆ داڕیژرابوو.



كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكان بەردەوام پشكی خۆیان لە بەرهەم و داهاتی هەموو بەكارهێنانەكانی ناوخۆی نەوت وەردەگرن و هەروەها ئامۆژگاریش كراون كار بكەن لەسەر فرۆشی بڕەكانی هەناردەكردن بۆ بەدەستهێنانی پشكی خۆیان لە نەوتی هەناردەكراو.



لە هەمان كاتدا، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بیری كۆمپانیا كاركەرەكان و كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاری هەرێمی كوردستان دەهێنێتەوە، كە هیچ هەنگاوێك نەنێن بەبێ هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكاندا لەبەرئەوەی لەوانەیە ببێتە مایەی دروستبوونی ئاڵۆزیی ناپێویست و لە هەندێ حاڵەتدا زیان بە بەرژەوەندی كۆمپانیا كاركەرەكان و پێویستیە گشتییەكانی هەرێم بگەیەنێت.


وەزارەتی سامانە سروشتیەكان بەردەوامە لە هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت لە بەندەری جیهان و پێشوازی لە پشتگیری و وەبەرهێنانی كۆمپانیاكانی نەوت دەكات لە هەرێمی كوردستاندا.
 
ز.ر