شوکروڵای بابان بێژه‌ری به‌ناوبانگی پێشووی رادیۆی کوردی ئێران شه‌وی رابردو له‌ته‌مه‌نی 89 ساڵیدا له‌شاری تاران کۆچی دوایی کرد.
بڕیاریشه ئەمڕۆ له گۆڕستانی به‌هه‌شت زارای تاران و له به‌شی هونه‌رمه‌نداندا به‌خاک بسپێردرێت‌و ئێواره‌ی سێشه‌ممه 20-11، له مزگه‌وتی نووری تاران له گۆڕه‌پانی فاتیمی مه‌راسیمی ماته‌مینی بۆ به‌ڕێوه‌بچێت و له رۆژانی دواتردا له شاری سنه‌ش مه‌راسیمێک بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌ڕێوه‌بچێت.
شوکروڵای بابان له ساڵی 1923 له شاری سنه له‌دایکبووه، چه‌ندین ساڵ له رادیۆکانی کرماشان، سنه‌و تاران وه‌کو بێژه‌ر، توێژه‌ری ئه‌ده‌بی، شاعیر، وه‌رگێڕ و نوسه‌ر چالاکی نواند و له ئێران و له‌نێو ئه‌دیبانی کورددا ناوێکی دیاروبه‌رچاوه.
فوئاد بابان کوڕی خوالێخۆشبوو له وتووێژێکی تایبه‌تدا له‌گه‌ڵ PUKmedia رایگه‌یاند: باوکم سه‌عات 12:50 خوله‌کی شه‌وی رابردوو له ماڵه‌که‌ی خۆی له تاران کۆچی دوایی کرد.
شوکروڵڵای بابان له زانکۆی تاران له به‌شی ئیلاهیات، ده‌رونناسی و یاسادا بڕوانامه‌ی به‌کالۆریۆسی وه‌رگرتووه.
یه‌که‌م جار له ساڵی 1958 له رادیۆی تاران ده‌ستی به‌کاری بێژه‌ری کرد، دواتر له رادیۆی کوردی کرماشان که به‌رنامه‌کانی خۆی به دوو زاراوه‌ی سۆرانی و که‌ڵهوڕی پێشکه‌ش ده‌کرد، به کردنه‌وه‌ی رادیۆ کوردی کرماشان، رادیۆ کوردی تاران داخراو هه‌موو کارمه‌ندانی گوازرانه‌وه بۆ کرماشان، بابان له رادیۆی کوردی کرماشان تاوه‌کو ساڵی 1969 وه‌کو به‌رپرس، بێژه‌ر و وه‌رگێڕ کاری کردوه.
خوێندنه‌وه‌ی شیعری کوردی له رادیۆ کرماشان له لایه‌ن شوکروڵڵای بابانه‌و، ناوبانگێکی زۆری بۆ ده‌رکردو له هه‌موو ماڵ و شوێنه‌کانی کوردستاندا به تامه‌زرۆیی گوێی لێده‌گیرا.
جگه له کاری بێژه‌ری له ساڵی 1959 تاوه‌کو 1963 له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک نووسه‌ری تردا رۆژنامه‌ی کوردستانیان به زمانی کوردی له تاران بڵاوکرده‌وه.
بابان له ته‌مه‌نی کاری‌دا وه‌کو به‌رپرسی رادیۆ له سنه‌و کرماشان و ورمێ ئیشی کرد‌و هه‌روه‌ها سێ کتێبی به ناوه‌کانی “سه‌لاحه‌دین ئه‌یوبی؛ پاڵه‌وانی کورد”، “گوڵزاری کوردستان” و “فه‌رهه‌نگی زمانه‌وانی فارسی به کوردی” نوسیوه.. …
سەرچاوە: NRT