DNO: بەردەوام دەبین لە بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم

كۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، كە ئەوان بەردەوام دەبن لە كاركردن لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم و هەڕەشەكانی داعش كارەكانی ئەوانی پەكنەخستووە.
كۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی رایگەیاند، كە ئەوان بەردەوام دەبن لە بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگە نەوتییانەی كە لە هەرێم كاری تێدا دەكەن لەگەڵ ئەوەی چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە چەند رۆژی رابردوودا چالاكییە چەكدراییەكانیان زیادیكرد‌ووە، بەڵام كاریگەری لەسەر كار و چالاكییەكانی ئەو كۆمپانیا نەرویجیە نەبووە.
ئەمڕۆ گوتەبێژێك بە ناوی كۆمپانیای دی ئێن ئۆ رایگەیاند: “بەردەوام دەبین لە كارەكانمان لە هەموو ئەو خاڵانەی كاری تێدا دەكەین لە هەرێم ،بەردەوامیش چاودێری دۆخی ئاسایش دەكەین بە شێوەكی چڕ”.
كۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە هەر سێ كێڵگەی نەوتی تاوكێ  و هەولێر و دهۆك كاری گەڕان و وەبەرهێنانی نەوت دەكات لە باشووری كوردستان. ئەم كۆمپانیایە رۆژانە 120 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت و لەسەدا 40ی ئەو بەرهەمە هەناردەی دەرەوە دەكرێت.
روداو