كۆمپانیای میسر بۆ فڕۆكەوانی، بەهۆی چالاكی سەربازی فڕۆكەكانی ئەمریكا لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان، گەشتەكانی بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان هەڵوەشاندەوە، بە گوتەی كۆمپانیاكە “نائارامی ئاسمانی عێراق و بۆردوومانی داعش لەلایەن فڕۆكەكانی ئەمریكا، هۆكاری بڕیارەكەیانە”.
سەرچاوەیەك لە فڕۆكەوانی مەدەنی میسر رایگەیاند، “كۆمپانیای میسر بۆ فڕۆكەوانی گەشتی ژمارە 635ی هەڵوەشاندەوە، كە بڕیاربوو بەرەو فڕۆكەخانەی هەولێر بێت”.
سەرچاوەكە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی گەشتەكەی بۆ ناسەقامگیری بارودۆخی عێراق و ناسەقامگیری ئاسمانی عێراق گەڕاندووەتەوە، بەتایبەتی كە هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا هێرشی ئاسمانیان بۆ سەر داعش دەستپێكردووە، “فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا بە ئاسمانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا چالاكی سەربازی ئەنجام دەدەن”.
لە چەند رۆژی رابردوو، كۆمپانیای میسر بۆ فڕۆكەوانی گەشتەكانی بۆ بەغدای پایتەختی عێراقیش راگرت.
كۆمپانیای میسر بۆ فڕۆكەوانی هەفتانە 4 گەشتی بۆ بەغدای پایتەختی عێراق و 3 گەشتی بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجامدەدا.
روداو