حكومەتی روسیا خۆراكی هاوردەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكای قەدەغەكرد وەك بەرپەرچدانەوەیەك بەرامبەر ئەو سزایانەی كە لەلایەن ئەو وڵاتانەوە سەپێندراوە بەسەریدا.
دیمتری مێدڤیدیدی سەرۆك وەزیرانی ڕوسیا ڕایگەیاند: “سەپاندنی سزا بەسەر ئەو وڵاتانەدا شتێكی باش نییەو بڕیارێكی ئاسانیش نیە، بەڵام ناچاربووین بەدەركردنی”.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ئەو خۆراكانەی كە ڕوسیا قەدەغەی هاودەكردنی كردووەو لە هەریەك لە ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپاوە بریتین لە: گۆشتی ئاژەڵ بەهەموو شێوەیەك، گۆشتی بەراز و سۆسەج، گۆشتی پەلەوەر، ماسی و گیانلەبەرە ئاوییەكان، شیرو بەرهەمە شیرییەكان، سەوزە، میوە، گوێز، پەنیرو هاوشێوەكانی.
ئەم بڕیارەی ڕوسیا بۆ ماوەی ساڵێكەو كۆمپانیا ناوخۆییەكانی ئەو وڵاتە ئەو ڕێژە هاوردەیەی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكا بۆ ناوخۆ پڕدەكەنەوە.
بڕیارەكەی حكومەتی ڕوسیا لەكاتێكدایە كە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا یەكێتێ ئەوروپاو ئەمریكا چەند سزایەكی ئابوریان بەسەر ڕوسیادا سەپاند بەهۆی دەستێوەردانی ڕوسیا لە كاروباری ئۆكرانیاو ئەو پشێوی و بارە ناجێگیریەی كە ڕوسیا دەستی سەرەكی تێدا هەبووە.
ئەم بڕیارەی حكومەتی ڕوسیا، ئابوری ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسیەوەو هەڵئاوسانی پارەی لێدەكەوێتەوە، چونكە بەگوێرەی ڕێكخراوی دانوستانی جیهانی (WTO) ڕوسیا پێنجەمین وڵاتی جیهانە بۆ هاوردەكردنی كەلوپەل و پێویستی لە وڵاتانی دیكەی جیهانەوە.
خەندان