لێپرسراوانى پارێزگاى سلێمانى ئامادەیى خۆیان نیشاندا کە پێشوازى لەهەموو ئەو خێزانە ئاوارانە بکەن کە بەهۆى هەڕەشەکانى چەکدارانى داعش و تێکچونى باردۆخى بەشێک لە ناوچەکانى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە ماڵ و جێگەى خۆیان بەجێ هێشتووە و روویان لە هەرێمى کوردستان کردووە و بڕیاردرا کارئاسانى پێویستیان پێشکەش بکرێت و جێگە و پێداویستیەکانى ژیانیان بۆ دابین بکرێت ،
بەهۆى چڕبوونەوەى شەڕو پێکدادانەکانى نێوان چەکدارانى داعش و هێزەکانى پێشمەرگە و تێکچونى باردۆخى چەندین ناوچەوە ئەمشەو 7/8-8، بە سەدان خێزانى کورد و عەرەب لە مەخمور و ناوچەکانى ترى عێراق و هەرێمى کوردستانەوە پاش ئەوەى بەهۆى هەڕەشەو مەترسیەکانى چەکدارانى داعشەوە ناوچەکانى خۆیان بەجێ هێشتووە و روویان کردووەتە سنورى پارێزگاى سلێمانى ،
بەمەبەستى بەهاناوەچونى ئەو خێزانە ئاوارانە و دابین کردنى پێداویستیەکان بۆیان ئەمشەو بەهرۆز محەمەد ساڵەح پارێزگارى سلێمانى و ئاوات محەمەد قائیمقامى سلێمانى و لێپسراوانى پەیوەندار لە دیوانى قائیمقامیەتى سلێمانى کۆبوونەوە و بڕیاردرا کە هاوکارى و کارئاسانى پێویست پێشکەش بە هەموو ئەو خێزانانە بکرێت کە لە ترسى هەڕەشەکانى چەکدارانى داعش روویان لە سنورى پارێزگاى سلێمانى کردووە و رایانگەیاند کە پارێزگاى سلێمانى وەک هەمیشە پێشوازى لەو خێزانانەدەکات کە ئاوارەبوون و ماڵى جێگەى خۆیان بەجێ هێشتووە ، ئاماژە بۆ ئەوەش کرا لایەنەپەیوەندیارەکانى حکومەت راسپێردراون کە هەر ئەمشەو هاوکارى پێویست پێشکەش بەو خێزانانە بکرێت و بگوازرێنەوە بۆ کەمپەکان و جێگا و هەموو پێداویستیەکانى ژیانیان بۆ دابین بکرێت.
ز.ر