بانە و مەریوان دەکرێنە ناوچەی ئازادی بازرگانی

ناوچەی ئازادی بازرگانی لای خەڵكی شارەكانی مەریوان و بانە خەریكە دەبێتە خەونێك و ساڵانێكە چاوەڕێی بڕیاری حكومەتن بۆ ئەو مەبەستە، بەڵام تاوەكو ئێستا ئەو چاوەڕوانییە كۆتایی نەهاتووە و بەرپرسانی حكومەت و نوێنەرەكانیان هەرچەند مانگ جارێك بەڵێنێك لەسەر ئەو پرسە دووبارە دەكەنەوە.
موحسین بیگلەری، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی پارێزگای سنە لە پەرلەمانی ئێران لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئیدارەی ئەو پارێزگایە كە نوێنەرانی شارەكانی پارێزگای سنە و راوێژكاری باڵای رۆحانی ئامادەی بوون رایگەیاند: “بانە و مەریوان بەهۆی ئەوەی دوو شاری سنوورین و بارودۆخی گونجاویان هەیە بژاردەیەكی باشن بۆ ئەوەی ببنە ناوچەی ئازادی بازرگانی”.
لە لایەكی دیكەوە ئومێد كەریمیان، نوێنەری شاری مەریوان و سەوڵاوا سەبارەت بەو پرسە رایگەیاند: “بە ئاماژەدان بە رێژەی 6 ملیۆن كەسی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان و هاوسنووربوونی لەگەڵ پارێزگای سنە، هەلێكی لەبارمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بە دروستكردنی ناوچەیەكی ئازادی بازرگانی پەرەبدەین بە ئابووری و بازرگانی پارێزگای سنە”.
كەریمیان هەروەها ئاماژەی بە بەڵێنی رۆحانی بۆ دروستكردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی لە پارێزگای سنە كرد و گوتی: ” حكومەت بە دروستكردنی ئەو ناوچەیە دەبێتە هۆی گەشەسەندی ئابووری و رەخساندنی هەلی كار بۆ ئەو پارێزگایە”.
نوێنەری شاری سنە، كامیاران و دیواندەرە لە پەرلەمانی ئێران پێیوایە، “دروستكردنی ناوچەی بازرگانی لە پارێزگای سنە، بەهۆی 180 كیلۆمەتر سنووری هاوبەش لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق پێداویستییەكی خێرایە و دەتوانێت ببێتە هۆكاری كۆنتڕۆڵكردنی بازاڕەكانی عێراق”.
سالار مورادی بە ئاماژەدان بەوەی كە هەر ناوچەیەكی پارێزگای سنە بكرێتە ناوچەی ئازادی بازرگانی كێشە نابێت گوتی: “ئەو مۆدیلەی كە ناوچەی ئازادی ئەرەس لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی لێ بنیاتنراوە مودێلێكی باشە بۆ ناوچەی ئازادی تیجاری لە پاریزگای سنە”.
دواتر ئەكبەر توركان، راوێژكاری باڵای رۆحانی بۆ ناوچەی ئازادی بازرگانی لە ئێران لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند: “بانە و مەریوان دەكرێنە ناوچەی ئازادی بازرگانی و پێشنیازی ئێمە بۆ دروستكردنی ئەو ناوچەیە لە پارێزگای سنە، ئەو دوو شارەیە”.
ئەكبەر توركان ئاماژەی بە تایبەتمەندییەكانی ئەو دوو شارە كرد و رایگەیاند: “پلانەكانی ئێمە بۆ ئەو دوو شارە دوای تاوتوێكردنی تایبەتمەندییەكانیان و هەروەها پێشنیازی نوێنەرانی پارێزگای سنەن كە هەردوو شارەكە دەتوانن ببنە ناوچەیەكی ئازادی بازرگانی، بە دوو ناوچەی ئازادی جیاجیا و بەڕێوەبردنێكی هاوبەش”.
توركان سەبارەت بە شاری مەریوان گوتی: “بە هۆی دەروازەی نێودەوڵەتی سنووری باشماخ و شوێنە گیشتیارییەكانی، ئەو شارە شوێنێكی گونجاوە بۆ دروستكردنی ناوچەی ئازادی بازرگانی و دەبێت هەمووان هەوڵی بۆ بدەین”.
 
 
 
رووداو