سلێمانی پیشت بە بەرهەمی سەوزە و میوەی ناوخۆ دەبەستێت

بەمەبەستی دیاریكردنی هاوسەنگیەك بۆ بەروبوومی سەوزەو میوە و سامانی پەلەوەری و ئاژەڵی لەنێوان بەرهەمی ناوخۆ و هاوردەكردنی لەدەرەوەی هەرێم .
ئەمرۆ سێ‌ شەمە 5/8  لە دووكۆبوونەوەی یەك لەدوای یەكدا ، لیژنەی چاودێری بەروبومی سەوزەو میوە و سامانی پەلەوەری و ئاژەڵی  كۆبوونەوەی مانگانەی خۆی ئەنجامدا بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و ئامادەبوونی نوێنەرانی  هەریەك لە  ( ب. چاودێری بازرگانی ، ب. كشتوكاڵی سلێمانی، س. یەكێتی جوتیارانی سلێمانی، س. سەندیكای عەلوەی سلێمانی ، كۆمەڵەی گەشەپێدانی خانووی پلاستیكی ، لەگەڵ نوێنەرانی هەریەك لە  ئاسایشی ئابووری و  ب.سامانی ئاژەڵی دا.
ناوەرۆكی كۆبوونەوەكە بریتی بوو لە خستنەرووی داتاو زانیاری تەواو بۆ دیاریكردنی هاوسەنگییەك  كە  پشتگیری بكات لە بەرهەمی ناوخۆی (پەلەوەری و ئاژەڵی ،  سەوزەو میوەی جوتیاران ) و پاڵپشتیكردنی بەروبومەكانیان لە بازاردا بە پێی پێداویستی ناوخۆ و لەگەڵ ئەوەشدا  رەچاوی نرخ بكرێت بۆ هاوڵاتیان.
لە بەشێكی تری كوبونەوەكەدا بریاردرا پەیوەست  بە رێنمایی ژمارە 2 ی ساڵی 2013 وەزارەتی كشتوكاڵ وخشتەی قەدەغەكردنی هاوردەكردنی سەوزەو میوەكە لە لایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوە ئاوییەكانەوە دەردەچێت هاوردەكردنی (خەیار، كولەكە، تەماتە، پیاز، پەتاتە، شوتی) قەدەغەبكرێت و پشت بە بەرهەمی ناوخۆ ببەسترێت.
لەكۆتایدا بریاردرا لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتەوە رێوشوێنی پێویست لەگەڵ هەموو ئەو دوكانانەدا بگیرێتەبەر، كە پابەندی خشتەی قەدەغەكراوەی  هاوردەی سەوزەو میوە نابن ئەویش بە دەستبەسەراگرتنی بەروبوومەكانیان و داخستنی دوكانەكانیان یاخود غەرامەكردنیان دەبێت .
 
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی