عێراق ئیدانه‌ی هێرشه‌کانی‌ ئیسرائیل بۆ سه‌ر که‌رتی غه‌زه‌ ده‌کات

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌توندی ئیدانه‌ی بۆردومانه‌ ئاسمانییه‌کانی که‌رتی غه‌زه‌ ده‌کات و پشتگیریی گه‌لی عێراقیش بۆ کێشه‌ی ڕه‌وای فه‌ڵه‌ستینییه‌کان دووپاتده‌کاته‌وه‌.
له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ته‌ئکیدی له‌سه‌ر پشتگیریکردنی به‌رده‌وامی گه‌لی عێراقی بۆ گه‌لی فه‌ڵه‌ستین کردووه‌و داواشی له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی کرد هه‌وڵه‌کانی بۆ ڕاگرتنی هێرشه‌کانی‌ ئیسرائیل و دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ چاره‌یه‌کی عادیلانه‌ بۆ کێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین بخاته‌گه‌ڕ.
له‌لایه‌کی تره‌وه‌ ئوسامه‌ نجێفی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق ناڕه‌زایی خۆی سه‌باره‌ت به‌ بۆردومانکردنی که‌رتی غه‌زه‌ پیشاندا، که‌ به‌هۆیه‌وه‌ ده‌یان هاوڵاتی کوژراون و برینداربوون.
نوجێفی وتیشی “هه‌ڵوێستی عێراق له‌باره‌ی کێشه‌ی گه‌لی فه‌ڵه‌ستینه‌وه‌ نه‌گۆڕه‌، که‌ ئه‌ویش به‌ده‌ستهێنانی ته‌واوی مافه‌کانیانه‌ له‌ دیاریکردنی چاره‌نوسی خۆیان و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ”.
ئه‌وه‌ له‌کاتێکدا فڕۆکه‌کانی ئیسرائیل له‌ئێَواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕابردووه‌وه‌ بۆردومانه‌کانی بۆ سه‌ر که‌رتی غه‌زه‌ ده‌ستپێکردووه‌، که‌ به‌هۆیه‌وه‌ جگه‌ له‌کوژرانی مه‌حمود جه‌عبه‌ری فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس، ده‌یانی تریش کوژراون و برینداربوون.