” داعش دەستی بەسەر پارەی كورددا گرتوە “

پێشینه‌ی  پرۆژه‌  و پاره‌ی بانكی، وه‌به‌رهێنه‌ران و سه‌رمایه‌دارانی كورد له‌ ناوچه‌كانی ئێستای ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش كه‌ نزیكی ملیارێك دۆلاره‌ ده‌ستی به‌سه‌رگیراوه‌، یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستانیش له‌ حكومه‌تی داهاتووی عیراقی داوای قه‌ره‌بۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و پاره‌یه‌ ده‌كات. 
یاسین مه‌حمود، وته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ (باس) رایگه‌یاند: پاره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ست داعش، وتیشی: “له‌ موسڵ و سه‌لاحه‌دین و تكریت و هه‌ندێك ناوچه‌ی تر كه‌ كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ستی هێزه‌كانی داعش پاره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵكی كوردستان و وه‌به‌رهێنه‌ران كه‌وتوه‌ته‌ ده‌ست ئه‌و هێزانه‌، هه‌ندێك له‌و پارانه‌ له‌ بانكه‌كان بووه‌ هه‌ندێكی تریش له‌ پرۆژه‌كان بووه‌”.
یاسین مه‌حمود، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌شێك له‌ سه‌رمایه‌دارانی هه‌رێمی كوردستان پڕۆژه‌ی وه‌به‌رهێنان و پڕۆژه‌ی به‌ڵێنده‌رایه‌تیان له‌و ناوچانه‌ هه‌بووه‌ ئێستا هه‌مووی گیری خواردوه‌ و بێ چاره‌نوس ماونه‌ته‌وه‌، وتیشی: “وه‌ك ئێمه‌ به‌دواداچونمان كردوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ قسه‌مانكردوه‌ نزیكی یه‌ك ملیار دۆلاری خه‌ڵكی كوردستان له‌ پاره‌ی پڕۆژه‌  و پاره‌ی بانك لای داعشه‌”.
له‌ 10ی 6ی 2014 چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی ناسراو به‌ داعش پارێزگای موسڵیان كۆنترۆڵكرد، پاسانیش تكریت و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی سه‌ڵاحه‌دینیشیان خسته‌ ژێر ركێفی خۆیان و تا ئێستاش له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی تر شه‌ر به‌رده‌وامی هه‌یه‌.
 
ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌به‌رهێنه‌رانی كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌روو له‌ بانكه‌كانی موسڵ و سه‌ڵاحه‌ددین وێڕای پاره‌ی خۆیان پاره‌ی پێشینه‌ی پڕۆژه‌ی سه‌رمایه‌دارانی كورد له‌ لایه‌ن داعش ده‌ستی به‌سه‌رگیراوه‌، وتیشی: “بۆ نمونه‌ به‌ڵێنده‌ری كورد هه‌بووه‌ پێشینه‌ی یه‌ك ملیار دیناری هه‌بووه‌ پێش هێرشی داعش به‌ نیاز بووه‌ وه‌ری بگرێت، به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ روویداوه‌ و پاره‌كه‌ی فه‌وتاوه‌”.
یاسین مه‌حمود هێمای بۆ ئه‌وه‌كرد بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئه‌و پارانه‌ نازانن گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كێ بكه‌ن، وتیشی: “هیچ  ده‌رفه‌تێك نیه‌ بۆ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ داعش، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ده‌بێت ئه‌و پرسه‌ بكرێته‌ دۆسیه‌یه‌ك و بدرێته‌ حكومه‌تی داهاتووی عیراقی بۆ قه‌ره‌بۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی پاره‌كانیان فه‌وتاوه‌ له‌ بانك و پڕۆژه‌كان”.
وته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌ران روونیشیكرده‌وه‌، ژماره‌ی ئه‌و سه‌رمایه‌دارانه‌ی كورد كه‌ پاره‌كانیان فه‌وتاوه‌ زۆره‌، به‌ڵام ژماره‌كه‌ دیار نیه‌ و به‌شێكیشیان هه‌ر ناوێرن قسه‌ بكه‌ن” “12%ی به‌ڵێنده‌رانی كورد روویانكردبووه‌ ناوچه‌كانی ناوه‌ڕاست و باشووری عیراق و له‌ 8%ی وه‌به‌رهێنه‌رانیش له‌وێدا وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن بۆیه‌ ژماره‌كه‌ كه‌م نیه‌”.
له‌ رێگه‌ی وته‌بێژی یه‌كێتی وه‌به‌رهێنه‌ران، یه‌كێك له‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌ی كه‌ پاره‌ی له‌ ژێر ده‌ستی داعشه‌ی به‌ (باس)ی وت: “نزیكه‌ی 300 ملیۆن دینارم له‌ بانك بوو له‌ موسڵ، به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ی دروست بوو ئه‌و پاره‌یه‌م  چاره‌نوسی  به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌”.
ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ره‌ كه‌ خۆی  به‌ كامه‌ران ناساند، ئه‌وه‌شی خسته‌روو، ده‌بێت حكومه‌تی ناوخۆیی موسڵ و حكوومه‌تی عیراق قه‌ره‌بۆیان بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ پرۆژه‌یان كردوه‌ و پاره‌كانیان فه‌وه‌تاوه‌.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان به‌ (باس)ی راگه‌یاند: له‌ رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌وڵ ده‌ده‌ن دۆسیه‌یه‌ك ئاماده‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ رێگه‌ی به‌غداوه‌ قه‌ره‌بووی ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌ر و سه‌رمایه‌دارانه‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌، وتیشی: “دۆسیه‌یه‌ك ئاماده‌ ده‌كرێت و به‌ به‌ڵگه‌ و دیكۆمێنت داوای قه‌ره‌بوو له‌ حكومه‌تی داهاتووی عیراقی ده‌كرێته‌وه‌”.