“شه‌وی وه‌زیرێك 900 دۆلاری تێدەچێت “

“خه‌رجیی شه‌وێك مانه‌وه‌ بۆ وه‌زیرێك بڕی 900 دۆلار ده‌كه‌وێت”، ئه‌مه‌ لێدوانی‌ ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانه‌ كه‌ له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا له‌سه‌ر پێدانی‌ سێ ده‌فته‌ر دۆلار به‌ وه‌زیره‌كان، بڵاویكردووه‌ته‌وه‌.
ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانتار گۆران ئازاد له‌ فراكسیۆنی‌ یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان له‌ په‌یجی‌ تایبه‌تی‌ خۆی له‌ تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبووك روونكردنه‌وه‌یه‌كی به‌ناوی‌ “سێ ده‌فته‌ری وه‌زیره‌كان!” بڵاوكرده‌وه‌.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ نووسیویه‌تی‌: “دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی سه‌رف كردنی (3) سێ ده‌فته‌ر دۆلار بۆ وه‌زیره‌كان، بۆ راستی و دروستی بابه‌ته‌كه‌ و وه‌ك ئه‌ركێكی په‌رله‌مانتاری له‌گه‌ڵ‌ به‌رێز (د.فه‌رسه‌ت سۆفی) به‌دواداچوونمان بۆ ئه‌و پرسه‌ كرد. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ سه‌ردانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زیری داراییمان كرد و په‌یوه‌ندیمان به‌ به‌شێك له‌ وه‌زیره‌كان كرد، و په‌یوه‌ندیمان به‌ به‌شی ته‌شریفاتی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و، دارایی و به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕیمان كرد”.
گۆران ئازاد ده‌ڵێت: “به‌ وته‌ی ئه‌وان هیچ وه‌زیرێك بڕی پاره‌كه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌ (تاوه‌كو ره‌تی بكه‌نه‌وه‌)”.
ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌داوه‌ كه‌ “نه‌ له‌ وه‌زاره‌تی دارایی و نه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فه‌رمان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ده‌رنه‌چووه‌، به‌ڵكو ته‌نها به‌ زاره‌كی پێیانوتوون بۆ ته‌جهیزی خانووه‌كانی حكومه‌ت له‌ هه‌ولێر ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ وه‌ربگرن، به‌ڵام بۆمان ده‌رنه‌كه‌وت كه‌ كێ ئه‌و ته‌له‌فۆنه‌ و به‌چ فه‌رمان و ده‌سه‌ڵاتێك كردوویه‌تی”.
وتیشی‌: “به‌شێك له‌ وه‌زیره‌كان كه‌ ماڵیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌ولێره‌ تا ئه‌م ساته‌ له‌ ئوتێل ده‌خه‌ون، ئه‌مه‌ش خه‌رجییه‌كی زیاتری بۆ حكومه‌ت دروست كردووه‌، بۆ نموونه‌ به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه‌ وه‌رمانگرت بۆ خه‌رجیی شه‌وێك مانه‌وه‌ بۆ وه‌زیرێك بڕی (900) نۆسه‌د دۆلار ده‌كه‌وێت”.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ رایگه‌یاند كه‌ “حكومه‌ت كۆمه‌ڵێك خانووی خۆی داوه‌ته‌ هه‌ندێ‌ فه‌رمانبه‌ر و راوێژكار كه‌ مافیان نییه‌ له‌و خانووانه‌دا نیشته‌جێ‌ بن، وه‌ له‌ولاوه‌ش وه‌زیره‌كان بێ‌ شوێنن و پاره‌ سه‌رف ده‌كات بۆ مانه‌وه‌یان له‌ ئوتێل”.
جه‌ختیش له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ “ناكرێ و نابێت پاره‌ به‌م شێوه‌یه‌ سه‌رف بكرێ، چونكه‌ ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك ناشیرینكردنی وه‌زیره‌كانه‌ له‌به‌رده‌م خه‌ڵك و و له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ خۆدزینه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ له‌ ئه‌ركه‌كانیان كه‌ پێویسته‌ شوێنی نیشته‌جێبوون و پێداویستیه‌كان بۆ وه‌زیره‌كان دابین بكات و ده‌بێت به‌ ماڵی حكومه‌ت نه‌ك به‌م شێوه‌ نائیدارییه‌، كه‌ نه‌ بڕیار هه‌یه‌ و نه‌ پاره‌ش وه‌رگیراوه‌ و ئوتێلیش به‌ كرێ‌ گیراوه‌”.
گۆران ئازاد روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ “كاتێك حكومه‌ت خۆی بڕیاری ته‌قه‌شوف ده‌رده‌كات، ده‌بێ‌ بزانێ‌ چۆن ئه‌م جۆره‌ بڕیارانه‌دا ده‌رده‌كات و مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات”.
له‌ كۆتایی روونكردنه‌وه‌كه‌شدا نووسیویه‌تی‌: “بۆیه‌ پێشنیار ده‌كه‌ین ئه‌م پرسانه‌ له‌ رووی كارگێڕییه‌وه‌ باشتر رێك بخرێت، چونكه‌ ناكرێت پاره‌ به‌ هه‌ده‌ر و به‌ ناڕێك سه‌رف بكرێ‌ ، و هه‌ستی خه‌ڵكی پێ بریندار بكرێ‌ و ، وه‌زیر و به‌رپرسیارێتیش ناشیرین بكرێت. ده‌بێ‌ راگه‌یاندیش به‌ به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ بابه‌تی له‌م شێوه‌یه‌ بكه‌ن و به‌دواداچوونی وردی بۆ بكه‌ن ئه‌وسا بڵاوی بكه‌نه‌وه‌ و وه‌ ئێمه‌ به‌رده‌وامین له‌ به‌دواداچوون له‌ هه‌ر زانیارییه‌كی تازه‌، رای گشتی ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌”.
 
 
سەرچاوە: خەندان