هێزەكانی داعش لە عێراق توانیان پاش شەڕو پێكدادانێكی قورس لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگەی کوردستان دەست بەسەر گەورەترین بەنداوی عێراقدا بگرن و 2 ناوچەی نەوتیی داگیر بكەن و هەروەها كۆنتڕۆڵی دوو شاریش بە دەستەوە بگرن.
بە پێی ڕاپۆرتێكی رۆیتەرز، بەنداوی موسڵ كە گەورەترین بەنداوی عێراقە ڕۆژی یەكشەممە 12ی گەلاوێژ كەوتە بەر دەستی چەكدارانی داعشەوە.
ڕۆیتەرز نووسیویەتی كە دەست بەسەرداگرتنی ئەم بەنداوە، ئەو هەلە بۆ داعش دەڕەخسێنێ كە شارە گەورەكانی عێراق روبەڕوی بێئاوی بكاتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوە شارەكانی زوممارو سنجار لە نیزیک هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دەوروبەری ئەو هەرێمەش، لە لایەن گرووپی داعشهوه داگیر كراون.
لە شاری سنجار كە تا ئێستا لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەدا بوو كەمینەی ئایینیی “ئێزیدییەكان” دەژین كە ئایینەكەیان ڕەگی لە ئایینی زەرتۆشتی دایەو ڕێڕەوانی ئەم ئایینە كەوتوونەته بەر پەلاماری هێزەكانی داعشەوە، داعش “ئێزیدییەكان” به شەیتان پەرەست ناو دەبا.
نوێنهری ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان له عێڕاق دهڵێ ڕۆژی یەكشەممە داگیركردنی شاری سنجار لە لایەن داعشەوە بووهته هۆی ڕاكردنی 200 هەزار كەس لەم شارە.
بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە ڕەسمییەكان لە هەرێمی كوردستان لەم شەڕ و پێكدادانانەدا 14 پێشمەرگە شەهید بوون و لە بەرامبەریشدا هێزەكانی پێشمەرگە توانیویانه 100 کهس له چهکدارهکانی داعش بكوژن و 38 كەسیشیان لێ بەدیل بگرن.