“مانگێكی تر به‌نزین ده‌بێته‌وه‌ به‌ 500 دینار”

سه‌رۆكی لیستی پارتی دیموكراتی‌ كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكرای ده‌كات كه‌ نرخی لیترێك به‌نزینی حكومی ده‌بێته‌وه‌ به‌ 500 دینار و وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كانیشی لێ ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌.
ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی لیستی زه‌رد، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ (باسنیوز)ی راگه‌یاند: نرخی لیترێك به‌نزین كه‌ كراوه‌ته‌ 800 دینار بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بووه‌.
ئومێد خۆشناو وتی: “له‌گه‌ڵ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان وا رێككه‌وتن كراوه‌ كه‌ بۆ ماوه‌ی دوو مانگ نرخی لیترێك به‌نزینی حكومی به‌ 800 دینار بێت و دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ ده‌بێته‌وه‌ 500 دینار و ئه‌و ماوه‌یه‌ش ته‌نها یه‌ك مانگی ماوه‌”.
سه‌رۆكی لیستی زه‌رد له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئه‌وه‌شی خسته‌روو كه‌ دوای مانگێكی تر نرخی به‌نزین ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه‌ دۆخی جارانی، وتیشی: “له‌ فراكسیۆنی پارتی هه‌وڵی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی دۆخ و نرخی به‌نزین بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ دۆخی جاران”، جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ “ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ری رێكه‌وتین، بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی بووه‌”.
سه‌رۆكی لیستی پارتی پێشیوایه‌ ته‌نگژه‌ی به‌نزین له‌ سه‌ره‌گرتن نه‌ماوه‌ و ئه‌وه‌ی گله‌یی له‌ سه‌ر هه‌یه‌ نرخ و بڕی به‌نزینه‌، وتیشی: “بۆ ته‌كسی و ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر نرخه‌كه‌ هه‌ر 500 دیناره‌، به‌ڵام هه‌وڵ‌ ده‌ده‌ین هه‌مووی بكرێته‌وه‌ به‌ 500 دینار، بۆیه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و نرخه‌ و پێداگریشی له‌ سه‌ر ده‌كه‌ین و به‌ وه‌زیری سامانه‌ سروشتیه‌كانیشمان راگه‌یاندووه‌ و لێشی بێده‌نگ نابین”.