” بەغدا زیاتر لە 9 تریلیۆن دیناری هەرێمی كوردستان قەرزارە “

بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابوری عیراق سەبارەت بە فشاری ئەمریكا بۆ سەر بەغدا لەسەر خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زانیاری نوێی دەخاتەڕو و دەڵێت: بەپێی بودجەی ئەمساڵ حكومەتی عیراق 9 ترلیۆن دیناری هەرێمی كوردستان قەرزارە.
 
فازڵ نەبی بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابوری عیراق بە ئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند: بەپێی بودجەی ساڵی 2014 مانگانەی هەرێم نزیكەی  یەك تریلیۆن و پێنج سەد ملیار دینارە، واتە تا مانگی حەوت مانگانەی هەرێمی كوردستان دەكاتە 10 تریلیۆن و 500 ملیار، لەو پارەیەش بەغدا تەنیا یەك تریلیۆن و 500 ملیار دیناری داوە، بەو پێیەش عیراق زیاتر لە 9 تریلیۆن دینار قەرزاری هەرێمی كوردستانە.
 
فازڵ نەبی راشیگەیاندووە: بڕیاری خەرجكردنی بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە دەسەڵاتی نوری مالكی سەرۆك وەزیرانەی عیراقە نەك وەزارەتی دارایی و ئابوریی عیراق.
بریكاری وەزارەتی دارایی و ئابوریی عیراق وتیشی: ئەمریكا ئێستا دەیەوێت وەك شتێكی ئەخلاقی بەرامبەر بە كورد هەڵوێستی توند بەرامبەر بەغدا وەربگرێت و واشنتۆن پەیامی بۆ مالكی ناردووە كە دەبێت هەرچی زووە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكات، بەپێی ئەو فشارەی ئەمریكاش پێویستە حكومەتی عێراق هەموو قەرزەكانی هەرێمی كوردستان بداتەوە.
سەبارەت بە دانەوەی قەرزەكانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عیراق، فازڵ نەبی ئاشكرایكرد: حكومەتی عیراق پارەی كەمە، بەڵام دەتوانێت شتێك بكات بۆ ئەوەی قەرزەكانی هەرێم بداتەوە.