وەزیری وزە و سامانە سروشتییەكانی توركیا رایگهیاند ئەو دەنگۆیانەی كە باس لهوهدهكهن توركیا نەوتی لە داعش و بەرەی نوسره كڕیوە “درۆن”.
تانەر یڵدز رایگەیاند “لە رۆژانی رابردوو چەند كەس و لایەنێك دەنگۆی ئەوەیان بڵاوكردەوە كە گوایا توركیا لە سوریا و عێراق نەوتی لە چەكدارانی داعش و بەرەی نوسره كڕیوە، ئەو دەنگۆیانە بە گشتی دوورن لە راستی و ھیچ بنەمایەكیان نییە”.
یڵدز وتی “توركیا بە قۆناغێكی زۆر گرنگی سیاسیدا تێپەڕ دەبێ، رۆژی ١٠ی ئاب بۆ جاری یەكەم خەڵكی توركیا بە شێوەیەكی راستەوخۆ سەرۆك كۆمار ھەڵدەبژێری، سەرۆكایەتی كۆمار، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكایەتی پەرلەمانی توركیا پێكەوە كار دەكەن و توركیا گەیشتووە بەو رۆژانە كە ھەر سێ سەرۆكایەتی پێكەوە كار بكەن و لە ئێستادا ھەوڵ بۆ بونیادنانی توركیای نوێ دەدەین”.
تانەر یڵدز بەو جۆرە درێژەی بە قسەكانیدا “توركیا نە تەنیا لەسەر ئاستی ناوخۆیی بەڵكو لە سەر ئاستی ناوچەشدا بەھێزتر دەبێ و لە ھەمانكاتدا داھاتی سەرانە لە توركیا سێ ئەوەندە بەرز دەبێتەوە و توركیا لە كاتێكدا كە بۆ ساڵی ٢٠٢٣ ئامانجی داناوە، لە لایەن چەند كەس و لایەنێكەوە بەوە تۆمەتبار دەكرێ كە نەوتی لە داعش و بەرەی نوسرا كڕیوە، ئەو جۆرە دەنگۆیانە دوورن لە راستی و ھیچ بنەمایەكیان نییە”.
رونیشیكردهوه “ئەو دەنگۆیانە بە گشتی بێ بنەما و دوورن لە راستی و ئامانج لەو جۆرە تۆمەتانە بێ ئیعتیبار كردنی توركیایە، حكومەتی توركیاش وەكو حكومەتێكی یاسایی بە ھیچ شێوەیەك گوێ بەو جۆرە تۆمەتانە نادا و ئێمەیش ئەو جۆرە پڕۆپاگەندانە كە وا نیشان دەدەن گوایا توركیا لە نێو گروپە تیرۆریستییەكاندایە رەتدەكەینەوە و بە دڵنیایی و بە زمانێكی زۆر راشكاوانە بە درۆی دەخەینەوە و هەمووشمان دەزانین هەوڵێك هەیە بۆ لاوازكردنی توركیا”.