زانیاری لەسەر ئەو كەشتییەی هەرێم كە لەلایەن دادگایەكی ئەمریكییەوە بریاری دەستبەسەرداگرتنی بۆ دەرچوو

دوای گه‌یشتنی كه‌شتییه‌ نه‌وتبه‌ره‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان بۆ كه‌ناراوه‌كانی ویلایه‌تی ته‌كساسی ئه‌مریكا، له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی عێراق، دادوه‌رێكی دادگای ئه‌و ویلایه‌ته‌ بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی كه‌شتییه‌ نه‌وتییه‌كه‌ی ده‌ركرد.
ئه‌و كه‌شتییه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی ده‌گواسته‌وه‌، مانگێك له‌مه‌و به‌ر له‌ توركیاوه‌ به‌ره‌و زه‌ریا به‌ڕێكه‌وتبوو.
كه‌شتییه‌كه‌ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی خاوی هه‌ڵگرتووه‌ و به‌های نه‌وته‌كه‌ی 100 ملیۆن دۆلاره‌.
ئه‌م بڕیاره‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، حكومه‌تی عێراق داواكارێكی دادگای ئه‌مریكای راده‌ستی حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ كرده‌وه‌.
به‌ گوێره‌ی زانیاری ئاژانسی رۆیته‌رز، به‌ره‌ به‌یانی ئه‌مڕۆ، دادوه‌رێكی ئه‌مریكایی بڕیاری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی نه‌وتی كه‌شتییه‌كه‌ی ده‌ركردووه‌.
به‌ گوێره‌ی بڕیاره‌كه‌، رێگه‌ به‌ خاڵیكردنه‌وه‌ی باری كه‌شتییه‌ نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ نادرێت.
دوێنێ پاسه‌وانی كه‌ناراوی به‌نده‌ری جالفستوونی نزیك هیوستن رایگه‌یاندبوو، به‌ هۆی گه‌وره‌یی قه‌باره‌ی كه‌شتییه‌كه‌وه‌، كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرێت، به‌ كه‌شتی بچووك باری كه‌شتییه‌ نه‌وتبه‌ره‌كه‌ی هه‌رێم بگوازرێته‌وه‌ بۆ وشكانی.
رۆژی شه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه‌ كه‌شتییه‌كه‌ گه‌یشته‌ كه‌ناراوه‌كانی ته‌كساس.
كه‌شتییه‌كه‌، ئاڵای دورگه‌ی مارشاڵی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و له‌ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه‌ له‌ حوزه‌یرانی رابردووه‌وه‌، به‌ره‌و كه‌ناراوه‌كانی ئه‌مریكا و كه‌نداوی مه‌كسیك وێڕای نیگه‌رانییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ شێوه‌ی سه‌ربه‌خۆ رێگه‌ی گرتبووه‌ به‌ر.
ئه‌ندی كندریك، ئه‌فسه‌ری پۆلی ئێشكگری كه‌ناراوه‌كانی ته‌كساس رایگه‌یاند، رۆژی شه‌ممه‌ ئه‌و كه‌شتیییه‌ بارهه‌ڵگره‌ نه‌وته‌كه‌ی خاڵی ده‌كاته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی رێككاری یاسایی پشكنینی بۆ ئه‌نجامده‌درێت.
وتیشی: “پاسه‌وانی ئێشكگری به‌نده‌ره‌كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتیمانی ئه‌مریكا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ و ئاسایشی ناوخۆییه‌وه‌ كردووه‌ و زانیارییان له‌ باره‌ی گه‌یشتنی كه‌شتییه‌كه‌ و ره‌وشییه‌وه‌ پێداوون”.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، ئاژانسی بلومبێرگی ئه‌مریکی بڵاویکردووه‌ته‌وه‌ حکومه‌تی عێراقی دووشه‌ممه‌ له‌ دادگای فیدڕاڵی له‌ هۆستن داوایه‌کی دژی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم پڕکردوه‌ته‌وه‌ له‌ داواکه‌یدا ئه‌وه‌ی خستووه‌ته‌ڕوو،‌ “ئه‌و نه‌وته‌ به‌نایاسایی له‌ بیره‌ نه‌وته‌کانی هه‌رێمی کوردستان ده‌رهێنراوه‌”.
هه‌روه‌ها له‌ داواکه‌ی دادگای فیدڕاڵیدا ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو: “به‌رپرسانی کورد نزیکه‌ی یه‌ک ملیۆن به‌رمیل نه‌وتی له‌ باکووری عیراق دزیوه‌ و له‌ڕێگه‌ی بۆرییه‌کانی تورکیاوه‌ هه‌نارده‌یان کردووه‌”.
له‌سه‌ر ئه‌م داوایه‌ی حکومه‌تی عیراقی دادوه‌ری به‌دواداچوونی دادگای ته‌کساس نانسی جۆنسن، بڕیارێکی بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی ئه‌مریکا ده‌رکرد بۆ ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی که‌شتیه‌ نه‌وتییه‌که‌ی هه‌رێم.
بڕیاره‌که‌ی دادگای ته‌کساس کۆدی (3:14-249) له‌سه‌ره‌و له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراقه‌وه‌ دژی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سرووشتیه‌کانی حکومه‌تی هه‌رێم و چه‌ند لایه‌نێکی دیكه‌ پڕکراوه‌ته‌وه‌.
نه‌وتی كه‌شتییه‌كه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌نارده‌ی جه‌یهانی توركیا كراوه‌ و له‌وێ بۆ بازار هه‌نارده‌ ده‌كرێت.
سه‌رچاوه‌ بازرگانییه‌كان له‌ ته‌كساس و نیۆیۆرك و له‌نده‌ن و ژنێفه‌وه‌ نه‌یانتوانییوه‌، ناسنامه‌ی كڕیاری نه‌وتی كه‌شتییه‌كه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن.
گه‌یشتنی نه‌وتی خاوی كورد بۆ ئه‌مریكا نیگه‌رانییه‌كانی به‌غدا له‌ باره‌ی هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا له‌ مه‌ڕ فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم به‌ بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا زیاتر كردووه‌.
حكومه‌تی ئه‌مریكا له‌و بڕوایه‌دایه‌، فرۆشتنی نه‌وت بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، بژاری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی عێراق زیاتر دێنێته‌ پێشه‌وه‌. ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ حكومه‌تی به‌غدا گیرۆده‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش بووه‌.
هه‌روه‌ها ئه‌مریكا نیگه‌رانه‌ له‌ مامه‌ڵه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران نوری مالكی له‌گه‌ڵ پرسی فرۆشتنی نه‌وت و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ له‌ لایه‌ن به‌غداوه‌.
ئه‌مریكا، فشاری له‌سه‌ر كۆمپانیا و حكومه‌ته‌كان درووستكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی خاوی كورد نه‌كڕن، به‌ڵام راسته‌وخۆ كۆمپانیا ئه‌مریكاییه‌كانی قه‌ده‌غه‌ نه‌كردوون له‌ كڕینی نه‌وته‌كه‌.
NRT