هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاوی هەرێم راگیرا

حكومه‌تی‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی خاوی بۆ ده‌ره‌وه‌ راده‌گرێت، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ و وزه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش هۆكاره‌كه‌ی‌ بۆ پڕبوونی‌ عه‌مباره‌كانی‌ به‌نده‌ری‌ جه‌یهان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت هۆكاره‌كه‌ ته‌كنیكیه‌.
د. شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكی‌ لیژنه‌ی‌ پیشه‌سازی‌ و وزه‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، به‌ خه‌ندانی راگه‌یاندوە: هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ به‌نده‌ری‌ جه‌یهان، راگیراوه‌، به‌ڵام راگرتنه‌كه‌ ته‌نكیكی و كاتییه‌و ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.
هاوکات دڵشاد شەعبان، جێگری سەرۆکی لێژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان رایگه‌یاند: ماوەی سێ رۆژە به‌هۆی‌ زۆربوونی‌ خواست له‌سه‌ر نه‌وتی‌ هه‌رێم و رێكخستنه‌وه‌ی‌ كاری‌ فرۆشتنی‌ و زیاتركردنی‌ هه‌نارده‌ و پڕبوونی‌ عه‌مباره‌كانی‌ جه‌یهان له‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم، وه‌زاره‌تی‌ سامانه‌سروشتیبه‌كان هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ راگرتوه‌.
له‌باره‌ی زیادبوونی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمه‌وه‌ وتی: “هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه‌ زیادی كردوه‌، به‌ڵام به‌ وردی نازانم چه‌نده‌یه‌”.
له‌ ئێستادا هه‌رێمی كوردستان رۆژی 100 بۆ 120 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت هه‌نارده‌ ده‌كات و بڕیاروایه‌ له‌ كۆتایی ئه‌مساڵدا بڕه‌كه‌ی بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا به‌رز ببێته‌وه‌.