وەزارەتی بازرگانی پارە بۆ كڕینی گەنمی سایلۆكانی هەرێم تەرخاندەكات

وەزیری بازرگانی عیراق، ئامادەیی دەربڕی پارەی هەموو ئەو گەنمە خەرج بكات كە لەلایەن سایلۆكانی هەرێمی كوردستانەوە وەردەگیرێن. 
سكرتێری رۆژنامەوانی پارێزگاری سلێمانیش دەڵێت: تارۆژی شەممەی داهاتوو لە سایلۆی سلێمانی گەنم لە جووتیاران وەردەگیرێت.
د.خەیروڵا حەسەن وەزیری بازرگانی عیراق بەكەناڵی گەلی كوردستانی راگەیاندوە: لەماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا، بڕی پارەی داواكراو بۆ وەرگرتنەوەی گەنمی جوتیاران لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
تەئكیدیشیكردەوە: كە وەزارەتی بازرگانی عیراق ئامادەیە پارەی هەموو ئەو گەنمە خەرج بكات كە لەلایەن سایلۆكانی هەرێمی كوردستانەوە وەردەگیرێت.
 لای خۆشیەوە رامان سكرتێری رۆژنامەوانی پارێزگاری سلێمانی بەكەناڵی گەلی كوردستانی راگەیاند: بەبڕیاری وەزارەتی بازرگانی عیراق تاوەكو رۆژی شەممەی داهاتوو، لە سایلۆی سلێمانی رۆژانە 130 بارهەڵگر گەنم لە جووتیاران وەردەگرن‌و ئەگەر لەدوای ئەو وادەیەش گەنم مایەوە ئەوا داوا لە وەزارەتی بازرگانی عیراق دەكەن ماوەیە بۆ چەند رۆژێكی دیكەش درێژ بكاتەوە.
وتیشی: لەئێستادا ئەو گەنمەی لە سایلۆی سلێمانی وەرگیراوە، ڕەوانەی سایلۆی پیرەمەگروون دەكرێت.