پەیوەندی بازرگانی نێوان ئێران و هەرێم بەڕێژەی 80% كەمیكردووە

بەپێی ئەو ئاڵوگۆڕە ئابوری و بازرگانییەی لەمانگەكانی پێشودا لەنێوان هەرێمی كوردستان و ئێراندا هەبووە بەراورد بە سەرەتای ئەم مانگە بەڕێژەی 80% هاتوچۆی بازرگانی و هاوڵاتیان كەمیكردووە.
 
ماوەی نۆ رۆژە هەناردەكردنی سووتەمەنی لە رێگەی تانكەر بۆ ئێران راگیراوە، بەو هۆیەوەش زیاتر لە شەش هەزار تانكەر لە دەروازەكانی كوردستان چاوەڕێی چوونەژوورەوە دەكەن، بەڵام سوپای پاسداران بڕیاریداوە هیچ تانكەرێك لە هەرێمی كوردستانەوە ئاودیوی ئێران نەبێت.

لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ئەندامی ئەنجومەنی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئەحەمەد علی كەلاری ڕایگەیاند” لەئێستادا بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان زۆر كەمیكردوە . 
وتیشی ڕۆژانە نزیكەی 180 ئۆتۆمبێل دێنە هەرێم و ئەوبارانەش زیاتر بۆ شارەكانی هەرێمە بۆ خواروی عێرق ناڕوات كە بەبەراورد بە مانگەكانی پێشتر 80% كەمیكردووە كە ڕۆژانە زیاتر لە 900 ئۆتۆمبێل بار لە ئێرانەوە دەهاتە هەرێم “.
سەبارەت بە ڕۆشتنی تەنكەری نەوت بۆ ئێران و رێگریلێكردنیان بۆ چونە ناو ئێران ڕایگەیاند” لەئێستادا لایەنی ئێرانی ناهێڵن تەنكەری نەوت كە تابلۆی عێراقی بێت بڕواتە ناو ئێران لە بەرواری 10/7 وە ئەم هاتوچۆیە ڕاگیراوە تەنها ئۆتۆمبێلە ئێرانیەكان دەڕۆنەوە ئەوانیش تەواوبون”.
سەبارەت بەهاتوچۆكردنی هاووڵاتیان و بردنی ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان ئەحمەد كەلاری وتی” هاتوچۆی هاووڵاتیان زۆر كەمیكردۆتەوە بەجۆرێك لەمانگەكانی پێشودا لە ڕۆژێكدا 5 ئۆتۆمبێل بڕۆشتایە ئێستا لە هەفتەیەكدا 2 بۆ 3 ئۆتۆمبێل لە هەرێمی كوردستانەوە دەڕواتە خاكی ئێرانەوە “.
لەبارەی مەرزی سەرتەكی بەمۆشەوە باسلەوەدەكات كە بەهەمان شێوە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل كەمیكردووە كە پێشتر زیاتر لە 180 ئۆتۆمبێل لەو مەرزەوە هاتونەتە هەرێمەوە بەڵام ئێستا 60 بۆ 70 ئۆتۆمبێل دێت.
بەهۆی ڕەوشی ئاڵۆزی شارەكانی عێراق هاتوچۆی بازرگانی كەمبۆتەوە و ئەمەش كاریكردۆتە سەر كەرتی گواستنەوە و هێنانی شتومەك بەهۆی نەبونی پەیوەندی لەگەڵ شارەكانی خواروی عێراق.
ئا- زریان محەمەد