یەكێتیی هەناردەكارانی توركیا رایدەگەیەنێ لە پێنج مانگی یەكەمی ساڵی 2014 ئاستی بازرگانی نێوان توركیا و عێراق بە زیادكردنی 11% گەیشتبووە 5 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار، بەڵام لە مانگی حوزەیرانەوە ئەو بەرزبوونەوەیە لە دوای هێرشەكانی داعش رووی لە دابەزین كرد و دابەزینەكە لە مانگی حوزەیران لە 21% دەستیپێكرد و لە مانگی تەمموز گەیشتە %30.
محەممەد بویوك كەكیش، سەرۆكی یەكێتیی هەناردەكارانی توركیا هۆكاری ئەو كەمبوونەوەیە بۆ هێرشەكانی داعش بۆ سەر شاری موسڵ لە 10 ی حوزەیران و چەند ناوچەیەكی دیكەی عێراق گەڕاندەوە و وتی، “بە بڕی 12 ملیار دۆلار هەناردەمان بۆ عێراق هەبوو، كە بەدووەم وڵات و بازاڕی بەرهەمەكانی توركیا دادەنرا لە دوای ئەڵمانیاوە”.
نیهاد زەیبەكچی، وەزیری دارایی توركیا ئاشكرایكرد كە لە كۆتایی حوزەیرانەوە عێراق بووەتە سێیەم وڵات كە توركیا هەناردەی بۆ دەكات، خراپترین سیناریۆش بۆ بەردەوامبوونی ئەو كەمبوونەوەیە ئەوەیە لە كۆتایی ساڵی 2014 رێژەی كەمبوونەوەی هەناردەكردن بە بەهای 2.5 زیان دەكات.
هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە 70% ی هەناردەكردنی توركیا لەگەڵ حكومەتی ناوەندی عێراق بووە، كە لە 10 ی حوزەیرانەوە ئاستەنگی تێكەوتووە، بەڵام ئەو بەشە هەناردەكردنەی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانەكراوە، بە گوتەی زەیبەكچی هیچ كێشەیەكی نییە.
ز.ر