بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی پێشوازی كرد لە خاتوو جاكلین بادكۆك نوێنەری بان كیمون سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆی و وەفدێكی یاوەری.
لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان ، تیشكی خستەسەر ئامانجی سەردانەكەیان كە بۆ گفتوگۆكردن و هەماهەنگی نێوان پارێزگای سلێمانی و رێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكانە بە مەبەستی بەرەو پێش بردنی پرۆژەكان و دابینكردنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ئاوارەكان.
نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروبای مرۆی، رایگەیاند” ئاگاداری قەیرانی دارایی هەرێمی كوردستانن و بۆیە نەتەوەیەكگرتووەكان بە دەم داواكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هاتووە پاڵپشتی و فەندی دارایی بۆ هاوكاری ئاوارەكان دابین كردووە”
جاكلین بادكۆك نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان ئاماژەی بۆ ئەوەكرد هەندێك لە ئاوارەكان باری گوزەرانیان خراپەو بێ جێگەو رێگەن بۆیە لە پلانیاندایە كەمپی نوێ بۆ ئاوارەكان لەسنوری پارێزگای سلێمانی دروست بكەن و داوای كرد پارێزگار لەرووی دابینكردنی زەوی و خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان هاوكاریان بكات.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند هەرێمی كوردستان بووتە دورگەیەكی ئارام لە ناوچەیەكی ئاڵۆزدا و بەوهۆیەوە ژمارەیەكی زۆر پەنابەر و ئاوارە رووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، بەڵام بە تەنگەوە چوونی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان بە تەنیا لە توانای حكومەتی هەرێمدا نییەو داوای كرد نەتەوە یەكگرتووەكان كۆمەك و هاوكاریی و تیمەكانیان زیاد بكەن.
پارێزگار پاڵپشتی خۆی بۆ پلان و بەرنامەكانی نەتەوە یەكگتووەكان دەربڕی و ئامادەی نیشاندا لەرووی پێدانی زەوی و گەیاندنی ئاو و كارەبا هاوكاری رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان بكات بۆ كردنەوەی كەمپی نوێ بۆ ئاوارەكان.
ز.ر