بەهرۆز محەمەد ساڵح، پارێزگاری سلێمانی پێشوازیكرد لە وەفدێكی رێكخراوی یونیسف بەسەرۆكایەتی دكتۆر مارزیۆ بابیڵ، نوێنەری یونیسف لە عیراق
لە دیدارێكدا پارێزگار و وەفدی میوان گفتوگۆیان كرد لەبارەی رەوشی ئاوارەكانی ناوچەكانی ناوەراستی عیراق لە سلێمانی.
وەفدەكەی یونیسف ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد رێكخراوەكەیان لە هەوڵدایە بۆ دابینكردنی هەندێك لە پێداویستیەكانی ئاوارەكان بە تایبەت دابینكردنی دەرمان و پێداویستیە پزیشكییەكان هەروەك ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد لە هەندێك لە كەمپەكاندا كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە هەیە.
لەبەرامبەردا پارێزگاری سلێمانی داوای لە نوێنەری یونیسف لە عیراق كرد، لە رووی تەندروستیەوە گرنگی زۆرتر بدەن بە ئامارەكان و ئامادەیی دەزگا حكومەییەكانی سلێمانی بۆ هاوكاریكردنیان دووپات كردەوە بە تایبەت لەرووی دابینكردنی گۆگای پێویست بۆ هەڵگرتنی دەرمان و كەلوپەلی پزیشكی.
سەبارەت بە كەمی ئاوی خواردنەوەش پارێزگار رایگەیاند دەزگاكانی حكومەتی هەرێم لەو رووەوە هاوكاریان دەبێت و داوای كرد رێكخراوە بودجە دابین بكەن بۆ ئەوەی بتوانن لەرێگەی تەنكەر یان لێدانی بیری قوڵ ئاو بۆ كەمپەكان دابین بكەن.
بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی كۆچ و كۆچبەرانی سلێمانی، لەدوای رووداوەكانی موسڵ تا ئێستا زیاتر لە 9 هەزار و 600 خێزان روویان لە پارێزگای سلێمانی كردووەو رۆژانەش ژمارەیەكەیان لە زیادبووندایە.
هەروەك پێشتر و لە سەرەتای ئەمساڵدا بەهۆی رووداوەكانی پارێزگای ئەنبار و فەلوجەو ناوچەكانی تری ناوەراستی عیراق 6 هەزار و 500 خێزان كۆچیان كردووە بۆ سلێمانی.
بەشێوەیەكی گشتی لە دوای ساڵی 2003 تا ئێستا بەهۆی خراپی بارودۆخی ئەمنیەوە زیاتر لە 31 هەزار خێزان لەناوچەكانی تری عیراقەوە ئاوارەی پارێزگای سلێمانی بوون.