” پارەی دانەوێڵەی جوتیاران نافەوتێت “

بەڕێوەبەری كارگێڕی گشتی پارێزگای سلێمانی، ئاشكرایدەكات، لیژنەی چارەسەری دانەوێڵەی جوتیاران كە لەبەغداوە دەستنیشان كرابوون بێن، تائێستا نەهاتوون.
عەبدولخالق محەمەد، بەڕێوەبەری كارگێڕی گشتی پارێزگای سلێمانی بە(تۆڕی میدیایی خەڵك)ی راگەیاندوە “ئەو لیژنەیەی بۆ چارەسەری كێشەی گەنمی جوتیاران بەتەمابوون لەبەغداوە بگەنە هەولێر بەهۆی كێشەی فڕۆكەوە نەهاتوون، پێدەچێت لەئایندەیەكی نزیكدا بگەن”.
 هەفتەی پێشوو بەڕێوەبەری كارگێڕی گشتی پارێزگای سلێمانی رایگەیاندبوو كە ئەگەر هەیە لەم هەفتەیەدا، پارەی جوتیاران بدرێت، بەڵام تاكو ئێستا نەدراوە.
ئێستا نزیكەی 160 هەزار تۆن گەنم لەسایلۆی سلێمانی لەجوتیاران وەرگیراوە، ئەگەری هەیە، بگاتە 200 هەزار تۆن، تاكو كۆتایی پرۆسەكە.
تاكو ئێستا یەكلانەبۆتەوە، كە ئایا ئەو گەنمە دەنێردرێ بۆ بەغداو حكومەتی ناوەند پارەكەی خەرج دەكات، یان هەرێمی كوردستان خۆی شوێنی هەڵگرتنی گەنم‌و پارەی جوتیاران دابین دەكات.
بەڕێوەبەری كارگێڕی گشتی پارێزگای سلێمانی، باس لەوەشدەكات “بەهۆی ئەوەی لەناوەڕاست‌و خواروی عێراق زوو دروێنەی دانەوێڵەی جوتیاران كراوە، زووتر دەستكراوە بەوەرگرتنی دانەوێڵەكانیان‌و ئەوانیش زوتر پارەی دانەوێڵەكانیان وەردەگرن”.
وتیشی “پەیوەندیمان بە بەغداوە كردووە، بۆ كێشەی پارەی جوتیاران، ئەوانیش دڵنیاییان داوینەتێ‌ كە پارەكەیان نافەوتێت‌و بۆیان دەنێرن”.