لەگەڵ بەردەوامی قەیرانی ئەمنی و شەڕی نێوان هێزەكانی عێراق و دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بازرگانی نێوان هەریم و شارەكانی عێراق راگیراوە.
زریان محەمەد، سلێمانی: سەرۆكی ژوری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی سیروان محەمەد لە لێدوانێكدا ڕایدەگەیەنێت” لە ئێستادا بازرگانی نێوان شارەكانی هەریم و عێراق راگیراوە وكاریگەری زۆری هەبووە لەسەر بازرگانان”.
وتیشی” بازرگانێكی زۆر شتومەكیان هێناوە و پەیوەندی ئاڵوگۆڕیان هەیە لەگەڵ شارەكانی عێراقدا بەڵام بەهۆی خراپی باری ئەمنیەوە ناتوانرێت ئەو شتومەكانە بڕواتە شارەكانی عێراقەوە كە ئەمەش زیان بە ڕەوشی بازرگانی دەگەیەنێت لە نێوان هەرێم و شارەكانی تری عێراقدا”.
دەروازەكانی هەرێمی كوردستان هۆكارێكی گرنگن بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان شارەكانی عێراق كە هەمیشە لەڕێگەیانەوە شتومەك و خۆراك و پێداویستیەكان نێردراون بۆ شارەكانی عێراق بەڵام لە ئێستادا ئەو هاتوچۆیە پەكی كەوتووە.
سیروان محەمەد ئاماژە بۆ ئەوەشدەكات وەستانی ئەم بازرگانیە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر گرانبونی نرخی شتومەك لە شارەكانی عێراقدا و نەمانی بڕوای بازرگانان بە هێنانی شتومەك بەهۆی نەبونی بازاڕو ساغ نەبونەوەی شتومەكەكانیان.
لە ئێستادا هاتوچۆكردنی وشكانی بۆ شارەكانی عێراق كەمبۆتەوە و تەنها ڕێگا كەئۆتۆمبێل پیایدا دەڕوات ڕێگەی گەرمیانە ئەمەش بەهۆی دوری ڕێگاكەوە زۆرێك لە شۆفیری بارهەڵگرەكان و خراپی ڕەوشەكەوە ناتوانن سەفەری ئەو شارانەبكەن.
سەرۆكی ژوری بازرگانی ڕاشیگەیاند” لە ئێستادا حكومەتی عێرقی لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران لەگفتوگۆدان بۆ كردنەوەی چەند دەروازیەك بۆ ئاڵوگۆڕی شتومەك وەك دەروازەی زرباتە كە حكومەتی عێراقی گومرگی لەسەر هەموو خۆراكێك لابردووە كارئاسانی تەواو دەكات بۆ بازرگانان”
سیروان محەمەد نیگەرانە لە حكومەتی هەرێم و دەڵێت” حكومەتی هەرێم ڕوسوماتی گومرگی لەگەڵ عێراقدایەكخست كە یەكلایەنە ئەم بڕیارە جێبەجێكراوە لەكوردستان كە بۆتە هۆی گەورەترین زەرەر بە بازرگانانی كوردستان كەچەندینجار حكومەتی هەرێممان ئاگادركردۆتەوە بەڵام هیچ هەڵوێستیان نوبووە كەئەمەش كاریگەری هەبووە لەسەر نەمانی بازرگانی”.
سەرۆكی ژوری بازرگانی پێیوایە درێژخایەندنی ئەم ڕەوشە دەبێتە هۆكارێك بۆ ڕاوەستانی كاری بازرگانان لە هەرێمی كوردستاندا و دروستبونی هەڵئاوسانی ئابوری لەگەڵ شارەكانی تری عێراقدا كە زۆرێك لەو كەلوپەلانەی لە پێویستی ناوخۆی زیاد دەبێت نانێردرێت بۆ شارەكانی عێراق و بازرگانان توشی زەرەردەكات.
لە ئێستادا ووڵاتی عێراق توشی جەنگێكی تیرۆرستی بۆتەوە لەگەڵ چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) كە دەستیان بەسە زۆرێك لەشارەكانی عێراقدا گرتووە.