بودجه‌ی کوردستان بۆ (10%) که‌مکراوه‌ته‌وه‌

ئه‌ندامێکی لیستی هاوپه‌یمانیی کوردستان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشکرایکرد، بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان له‌(10%) که‌مکراوه‌ته‌وه‌، ئامانج له‌و که‌مکردنه‌وه‌یه‌ش دروستکردنی کێشه‌یه‌ بۆ هه‌رێم.
(د. سه‌عید ڕه‌سوڵ) به‌ NNA ڕاگه‌یاندوە، به‌گوێره‌ی داهاتی گشتی عێراق پاره‌ی عێراق بۆ ساڵی داهاتوو، (138) ترلیۆن دینار، ئه‌مه‌ش هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌نارده‌کردنی‌ (2900) به‌رمیل نه‌وت له‌ڕۆژێکداو نرخی به‌رمیلێک نه‌وتیش (90) دۆلاره‌، که‌ ده‌کاته‌ (134) ترلیۆن دینار، که‌ به‌گشتی ده‌کاته‌ (120) ملیار دۆلار، ئه‌گه‌ر بێت‌و به‌شێوه‌یه‌کی یاسایی به‌شی (17%)ی هه‌رێمی کوردستان بدرێت، پێویسته‌ (20) ملیار دۆلار به‌هه‌رێم بدرێت، به‌ڵام ئه‌وان نه‌ک (17%) ناده‌ن، به‌ڵکو کردوویانه‌ به‌ (10،6%) ئه‌ویش به‌بیانووی بودجه‌ی سیادی‌و حاکمیه‌وه‌.
ئه‌ندامه‌که‌ی لیستی هاوپه‌یمانیی کوردستان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ڕوونیکرده‌وه‌، دوای جیاکردنه‌وه‌ی بودجه‌ی حاکمی‌و سیادی له‌عێراقدا (88) ترلیۆن دینار ماوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌شی هه‌رێمی کوردستان نزیکه‌ی (14) ترلیۆن دیناره‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش چاویان به‌ئاوه‌دانی کوردستان هه‌ڵنایات.