بەپێی زانیارییەكانی بڕیاردەری لیژنەی ئابووری لەپەرلەمانی عێراق، داعش دەستی بەسەر چەكو تەقەمەنی سوپای عێراق بەبەهای ٢٥ تا ٣٠ ملیار دۆلار گرتووە.
مەحما خەلیل بڕیاردەری لیژنەی ئابووری لەپەرلەمانی عێراق لەچاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵ رایگەیاندووە بەھۆی قەیرانەكانەوە عێراق ئەمساڵ ٧٠ ملیار دۆلار كورتھێنانی لەبودجە ھەیە، ھۆكاری ئەو كورتھێنانەش بۆ سیاسەتەكانی حكومەتی عێراقو بەدیاریكراویش سەرۆكی حكومەت نوری مالیكی دەگەڕێتەوە”.
خەلیل هەروەها رایگەیاندووە “عێراق لەئەمساڵدا رۆژانە ٨٠٠ ھەزار بەرمیل كەمتر لەوەی پلانی بۆ دانابوو كە ھەناردەكردنی ٣ ملیۆنو ٤٠٠ ھەزار بەرمیل بوو، ھەناردە دەكات، ٤٠٠ ھەزار بەرمیل لەھەرێمی كوردستانەوەو ٤٠٠ ھەزاری دیكەش لەكەركوكەوە ناچێتە دەرەوە، بەوەش نزیكەی ٣٠ ملیار دۆلار لەئەمساڵدا زەرەری پێدەگات”.
لەبارەی ئەو زیانانەی بەھۆی كۆنترۆڵكردنی موسڵو تكریتو چەند ناوچەیەكی دیكەی عێراق لەلایەن ھێزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی بەر عێراق كەوتووە، مەحما خەلیل رایگەیاندووە “زیانەكان دەگاتە ٤٠ ملیار دۆلار”و روونیشیكردووەتەوە كردەكانی كۆنترۆڵكردنی موسڵو تكریتو ھێرشەكانی داعش بووە ھۆی زیانگەیاندن بەبڕی ٤٠ ملیار دۆلار، چونكە بە بەهای نزیكەی ٢٥ تا ٢٠ ملیار دۆلار چەكی سوپای عێراق كە باشترین فیرقەی سەربازیی پڕچەككراوی لەموسڵ ھەبوو، كەوتنە دەستی داعش، جگە لەوەی بەروبومی جوتیارانی ناوچەكە زەرەری زۆری پێگەیشتو بازاڕی نییە، سەرباری كەمبوونەوەی چالاكی بازرگانیو كۆنترۆڵكردنی چەند دەروازەیەكی سنووریی لەلایەن داعشەوە.
بەبۆچوونی خەلیل جگە لەچەكو تەقەمەنی، ئێستا داعش یەكێكە لەڕێكخراوە تیرۆریستییە دەوڵەمەندەكانی عێراق، لەو بارەیەوە رایگەیاندووە “جگە لەچەندین فڕۆكەو موشەكی گەورەو تانكو زرێپۆش، داعش ئێستا سەرچاوەی ئابووریی گەورەی ھەیە وەكو نەوتو ئەمبارەكانی گەنمو جۆو ئاو و چەندین سەرچاوەی دیكە، ھەروەھا دەستی بەسەر ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەبانكەكانی موسڵدا گرتووەو بەشی زۆری ئەو سەرچاوانەشی بۆ سوریا رەوانە دەكا، عێراق لەساڵی ٢٠٠٨ەوە بڕی ١٤٦ ملیار دۆلاری بۆ دابینكردنی ئاسایشو ھێزە ئەمنییەكانو خۆپڕچەك كردن تەرخانكردووە”.
مەحما خەلیل لەدرێژەی قسەكانیدا پەسەندنەكردنی بودجەی ئەمساڵ ٢٠١٤ لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بۆ شكستەكانی حكومەتی عێراقو سیاسەتەكانی دەگەڕێنێتەوەو ئاماژەی بەوەكردووە “بودجەكە لەسەر بنچینەیەكی زانستی دانەنرابوو، دەبوو بەپێی بڕگەكانی عێراق ٣ ملیۆنو ٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لەڕۆژێكدا ھەناردە بكات، لەنێویدا ٤٠٠ ھەزار بەرمیلی ھەرێمی كوردستان، ئەو پلانەش لەسەر بنچینەی زانستی دانەنرابوو، بەڵكو بۆ سزادانی ھەرێم بوو، بەتایبەت بڕگەی تایبەت بەھەرێم كە بەبڕگەی سزادانی حوسێن شەھرستانییمان ناوبرد”.
مەحما خەلیل لەبارەی ھەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ بەندەری جەیھانی توركی كە ھەشت مانگی تێپەڕاندووە، لەو ئاشكراكردووە “عێراق بەھۆی سیاسەتی فاشیلی خۆی لەبواری نەوتدا، رۆژانە نزیكەی ٤٠ ملیۆن دۆلار لەھەناردەنەكردنی نەوتی كەركوك زەرەر دەكاتو لەسالێكیشدا دەكاتە ١٥ ملیار دۆلار، ھەمان ئەو زەرەرەش بەر عێراق كەوتووە بەھۆی ھەناردەنەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستانو ئەو كێشانەی لەنێوان ھەردوولا ھەن”.
بڕیاردەری لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق پێیوایە جگە لەزەرەرەكانی داعشو ھەناردەنەكردنی نەوت، ئابووریی عێراق بەرەو داتەپینی تەواو دەچێت، راشگەیاندووە “بەھۆی قەیرانەكانەوە پێشبینی دەكات زیانەكانی عێراق لەئەمساڵدا بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار، كە بەبۆچوونی ئەو بەھۆی پێنج خاڵەوەیە”،
هەروەها رایگەیاندووە “ھەناردەنەكردنی نەوت، ھێرشەكانی داعش، كەمبوونەوەی بزاوتی بازرگانیو كەمبوونەوەی بەروبومی نێوخۆیی، نەچوونی نەوت، ھەروەھا داتەپینی ئابووریی عێراق، لەكۆتایی ئەمساڵدا عێراق دەخەنە قەیرانێكی ئابووریی گەورەوە”.
بڕیاردەری لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق لەدرێژەی قسەكانیدا باس لەوە دەكات كە عێراق ھەمیشە سیاسەتی دوژمنكارانەی لەدژی ھەرێمی كوردستان ھەیەو رایگەیاندووە عێراق ٣٠٠ ملیار دۆلار قەرزاری ھەرێمەو بەھۆی سیاسەتەكانی رژێمی بەعس، ھەرێمی كوردستان پرۆژە یاسایەكی داوەتە عێراق بۆ قەرەبوكردنەوەی زیان لێكەوتووان لەو سیاسەتانە كە بەپێی دەستوور دیاریكراوەو بڕەكەشی ٢٨٣ ملیار دۆلارە ئەمە جگە لەوەی لەساڵی ٢٠٠٧ەوە عێراق بودجەی پێشمەرگەی نەداوە كە نزیكەی ١٤ تریۆلیۆن دینارە، بەو پێیە عێراق نزیكەی ٣٠٠ ملیار دۆلار قەرزاری حكومەتی ھەرێمە”.
خەلیل داوا لەھاووڵاتییانەی ھەرێمی كوردستان دەكات بەتایبەت قوربانییانی بەكارھێنانی چەكی كیمیاییو پاشماوەكانی ئەنفالو زەرەلێكەوتووانی دەستی رژێمی بەعس، كە سكاڵا لەسەر حكومەتی ناوەندی لەدادگەكانی نێوخۆ و دەرەوە تۆماربكەن.