سلێمانی‌.. یەك شەحن دەرمان هاتوە و بەشی‌ مانگێك دەكات

بەڕێوەبەری‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌ رایگەیاند لە سلێمانی‌ دەرمان و پێداویستیە پزیشكییەكان تەنها بەشی‌ یەك مانگ ماوە و ئاماژەی‌ بەوەشكرد كە بەغدا پێداویستی‌ پزیشكی‌ رەوانەی‌ هەرێم ناكات.
  میران محەمەد بەرێوەبەری‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌، لە لێدوانێكدا بە NRT ، رایگەیاندوە” دەرمان و پێداویستی‌ پزیشكیمان لە سلێمانی‌ تەنها بەشی‌ یەك مانگ ماوە”.
ئەو وتی‌ ” بەهۆی‌ ئەو بارودۆخەی‌ پارێزگای‌ نەینەواو ناوچەكانی‌ دیكەی‌ عێراقی‌ گرتۆتەوە لە ئێستادا بەغداد  دەرمان و كەلوپەلی‌ پزیشی‌ هەناردەی‌ هەرێمی‌ كوردستان ناكات، ئەو بڕە كەمەی‌ دێتە هەرێمەوە تەنها لەرێگەی‌ سەربازییەوە دێتە ناوەوە”.
میران محەمەد ئاماژە بەوە دەكات، ماوەی‌ یەك مانگە تەنها دوو شەحن دەرمانمان بەژینگەیەكی‌ سەربازیدا بۆ هاتووە پێشتر لە رێژەیە زۆر زیاتر بووە. 
بەرێوەبەری‌ گشتی‌ تەندروستی‌ سلێمانی‌، ئەوەشی‌ خستەڕوو سەرباری‌ ئەوەی‌ تا ئێستاش نەخۆشخانە حكومییەكان دەرمان و پێداویستی‌ پزیشكی‌ لە نۆڕینگە ئەهلییەكان زیاتر تێدایە تا ئێستا هاوڵاتی‌ پێویستی‌ بەوە نەبووە لەدەرەوەی‌ نەخۆشخانە حكومییەكان دەرمان بكڕێت.