ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هەریم بۆ یه‌ك ملیۆن به‌رمیل له‌ رۆژێكدا به‌رز ده‌بێته‌وه‌

سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌و سامانه‌ سرووشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ ماوه‌ی چه‌ند مانگی داهاتوودا هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا به‌رز ده‌بێته‌وه‌و له‌ كۆتایی ساڵیشدا ده‌گاته‌ 500 هه‌زار به‌رمیل، ده‌شڵێت: “له‌گه‌ڵ نه‌وتی كه‌ركوكدا ده‌توانین ببینه‌ خاوه‌نی سه‌قامگیرییه‌كی ئابووری و له‌ ساڵی 2015دا كۆتایی به‌و قه‌یرانه‌ داراییه‌ بهێنین”.
شێركۆ جه‌وده‌ت، سه‌رۆكی پیشه‌سازی و وزه‌و سامانه‌ سرووشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ خه‌ندانی راگه‌یاندوە: له‌ ئێستادا ئاستی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات 120 بۆ 150 هه‌زار به‌رمیل نه‌وته‌ له‌ رۆژێكدا، له‌ماوه‌ی یه‌ك دوو مانگی داهاتووشدا ئه‌و رێژه‌یه‌ بۆ 250 به‌رمیل به‌رز ده‌بێته‌وه‌.
وتیشی: “پلان و به‌رنامه‌ هه‌یه‌ بۆ كۆتایی ساڵ هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم بگاته‌ 500 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا، ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ نه‌وتی كه‌ركوك كه‌ ئه‌ویش 500 هه‌زار به‌رمیل ده‌بێت، ده‌توانین له‌گه‌ڵ داهاتی ناوخۆدا جۆرێك له‌ سه‌قامگیری ئابووریمان بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خزمه‌تگوزاری و سلفه‌كان ده‌ستپێبكه‌ینه‌وه‌”.
شێركۆ جه‌وده‌ت وتی: “له‌ ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێم كار له‌سه‌ر به‌ستنه‌وه‌ی بۆری كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات به‌ بۆری نه‌وتی خورمه‌ڵه‌و مه‌خموره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكرێت له‌ ساڵی 2015 دا له‌ رێگه‌ی بۆریه‌ نه‌وتییه‌كانی هه‌رێمه‌وه‌ ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ بكرێت”.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌و سامانه‌ سرووشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو: له‌ ساڵی داهاتووه‌وه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن سیستمێكی نوێی ئابووری دابڕێژن و ئه‌و قه‌یران و دواكه‌وتنی مووچه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی هه‌یه‌ نه‌یهێڵن و له‌ قه‌یرانی دارایی رزگاریان ببێت، ئه‌مه‌ش پێویستی به‌ كاركردن و هه‌وڵدانی به‌رده‌وام ده‌بێت.
له‌سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌ به‌غدا به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی راگرتووه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كێشه‌كانی به‌غداو هه‌رێمه‌وه‌ له‌سه‌ر پرسی نه‌وت، دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی موسڵ و چه‌ند قه‌زاو ناحیه‌كی سه‌ر به‌ دیاله‌و سه‌ڵاحه‌دین و كه‌ركوك له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌، قه‌یرانێكی نوێی ئابووری رووی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و نرخی كاڵاو شمه‌ك و به‌نزین به‌رزبوویه‌وه‌.
له‌ ئێستادا هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ به‌ كه‌شتی بارهه‌ڵگر و داهاتی ناوخۆوه‌، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین ده‌كات، ئه‌ویش زۆر له‌ واده‌ی خۆی دواده‌كه‌وێت.
 
ز.ر