بزانە به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێم چەند زیادیكردووه‌؟

ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ڕاپۆرتێكدا كه‌ له‌سه‌ر ماڵپه‌ڕی هه‌واڵه‌ ئابوریه‌كانی نازداكدا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاندووه‌ سه‌رباری بارودۆخی ئه‌منی ناله‌بار له‌ ناوچه‌كانی باكوری عێراقی‌و بونی كێشه‌ی لۆجستی له‌ به‌نده‌ری به‌سره‌ كه‌بۆته‌ هۆی كه‌مبونه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وت، به‌ڵام له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌ مانگی حوزه‌یرانی ڕابرودا به‌ڕێژه‌ی له‌50% زیادیكرده‌وه‌.
ڕاپۆرته‌كه‌ی ئاژانسی وزه‌ی جیهانی ئاماژه‌ ده‌كات به‌وه‌ی بڕی به‌رهه‌می نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ مانگی حوزه‌یراندا ڕۆژانه‌ گه‌یشتۆته‌ 360 هه‌زار به‌رمیل له‌ ڕۆژێكداو، به‌و پێیه‌ش به‌به‌راورد به‌ مانگی ئایار ڕۆژانه‌ 130 هه‌زار به‌رمیل زیادیكردووه‌.
ئاژانسه‌كه‌ نوسیویه‌تی‌ ئه‌و بۆریه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ڕاكێشراوه‌ بۆسه‌ر به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا ڕۆژانه‌ 120 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی خاوی لێوه‌ هه‌نارده‌كراوه‌، چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌ كۆتایی ساڵدا ڕێژه‌ی هه‌نارده‌كردن له‌و بۆرییه‌وه‌ بگاته‌ 300 هه‌زار به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا.