زیاتر لە 5 تۆن زێڕی كوردستان لای بەغدایە

بەڕێوەبەری بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان دەڵێت ئەوان وەكو بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان ناتوانن زێڕ هەڵبگرن، چونكە ئەو كارە تەنیا لە دەستی بانكی ناوەندی عێراق دایە، بەڵام دەڵێت حكومەتی هەرێمی كوردستان بەشی هەیە لەو یەدەگە زێڕەی لە بانكی ناوەندی عێراق دایە، كە نزیكەی 31 تۆن دەبێت.
 
ئەدهەم كەریم سەرۆكی بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان ناتوانێت هیچ یەدەگێكی زێڕ هەڵبگرێت، چونكە بانكی ناوەندی هەرێم تەنیا كاری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، نەك كڕینی زێڕ و هەڵگرتنی”. گوتیشی “تەنیا بانكی ناوەندی عێراق دەتوانێت زێڕ بكڕێت و هەر لە بانكی ناوەندی عێراقیش زێڕ هەڵدەگیرێت”.
بەپێی قسەی سەرۆكی بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان ئێستا بانكی ناوەندی عێراق نزیكەی 31 تۆن زێری یەدەگی هەیە “هەرێمی كوردستانیش لە سەرجەم یەدەگەكانی بانكی ناوەندی عێراق بە زێڕ و دراوەكانەوە خاوەنی 17%یە”.
بەو پێیە بێت ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان 5.27 یەدەگی زێڕی لە بەغدا هەیە، كە دەكاتە 17%ی ئەو 31 تۆن زێڕەی لە بانكی ناوەندی عێراق هەڵگیراوە.
ئێستا نرخی یەك تۆن زێڕ لە بازاڕەكانی عێراق و جیهان بە 42 ملیۆن و 483 هەزار دۆلارە. بەو پێیەش نرخی یەدەگی زێڕی كوردستان، كە لە ژێر دەستی بەغدا دایە دەكاتە 223 ملیۆن و 885 هەزار و 462 دۆلار.
جگە لە زێڕ، حكومەتی هەرێمی كوردستان پشكی لە پارەی یەدەگی عێراقیشدا هەیە. پارەی یەدەگی حكومەتی عێراق بە زیاتر لە 60 ترلیۆن دینار دەخەمڵێندرێت.
كوردستان 100 تۆن زێڕی تێدایە
ئەگەر هەرێمی كوردستان یەدەگی زێڕیشی لە بانكەكاندا نەبێت، بەڵام ئەو زێڕەی لە كوردستان هەیە، نزیكەی سێ ئەوەندەی یەدەگی زێری بانكی ناوەندی عێراقییە.
ئەدهەم كەریم، سەرۆكی بانكی ناوەندی هەرێمی كوردستان وتی “دەتوانم بڵێم 100 تۆن زێڕ لە كوردستاندا هەیە، بەڵام نزیكەی 25 – 30 تۆنی بازرگانی پێوە دەكرێت، ئەوەی دیكە لە ماڵاندا هەڵگیراوە، یان لە دەست و ملی ژنان دایە”.
قارەمان جەوهەر، سەرۆكی كۆمەڵەی زێڕنگرانی كوردستان ژمارەی زێڕنگرانی لە كوردستان ئاشكرا كرد  “لە هەر چوار پارێزگاكەی كوردستان زیاتر لە 1400 مۆڵەتی مامەڵەكردن بە زێڕ دراوە بە بازرگانان و زێڕنگران”. هەروەها گوتی “بڕی ئەو زێڕەی كە لە بازاڕەكانی كوردستان بازرگانی پێوە دەكرێت لە نێوان 25 تا 30 تۆن زێڕ دەبێت”. بەڵام گوتیشی “بەهۆی كێشەی داراییەوە بازاڕی زێر بەرەو لاوازی چووە”.
 
10 وڵات كە زۆرترین یەدەگی زێڕیان هەیە
وڵات    یەدەگ بە تۆن    بەهاكەی بە ملیار دۆلار
ئەمریكا     8133              487
ئەڵمانیا     3401              203
ئیتاڵیا      2451               147
فەرەسا    2435               146
چین      1054                 63
سویسرا   1040                 62
رووسیا  969.9                 50
ژاپۆن      765                 45
هۆڵەندا     612                 36
هیندستان   558                 33
 
ز.ر