كۆمپانیای ئایسیس (ISIS)ی ئەمریكی ئاشكرایكرد، كە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە، بڕیاریان داوە ناوی كۆمپانیاكەیان بگۆڕن.
كۆمپانیای ئایسیس، كە كۆمپانیایەكی بەناوبانگی تایبەت پشتگیری ئامێرە زیرەكەكانە، لە زاری مایكڵ ئاپۆت، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیاكە رایگەیاند: نایانەوێت لەگەڵ داعش یەك ناویان هەبێت، بۆیە بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری كۆمپانیاكە، بڕیاریان داوە ناوی كۆمپانیاكەیان بگۆڕن. بەڵام ئاپۆت ئاشكرای نەكرد چ ناوێكی دیكە دەنێن لە كۆمپانیاكەیان.
كۆمپانیای ئایسیس لە بواری ئەلكترۆنیدا كاردەكات و چەند ئەپلیكەیشنێكی گەورەی ئابوری لە ئەمریكا و ئەوروپا بەرێوە دەبات، وەك (Google Wallet) و (PayPal)، كە بەو دوو ئەپلیكەیشنە چیتر پێویست بە هەڵگرتنی پارە یان كریدیت كارد نییە، بەلًكو دەتوانیت لە رێگەی مۆبایلەكەتەوە بازاڕ بكەیت و تكتی فڕۆكە و شەمەندەفەریش بكڕیت.
چوار پیتی سەرەتای وشەكانی (Islamic State in Iraq and Sham) دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (ISIS) هەمان پیتەكانی سپێڵی كۆمپانیای ئایسیسە، بۆیە دەیانەوێت ناوەكەیان بگۆڕن.