حكومه‌تی هه‌رێم كڕیارانی نه‌وتی عیراق ئاگادار ده‌كاته‌وه‌

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێك ئاراسته‌ی كڕیارانی نه‌وتی خاوی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و سۆمۆ ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌گه‌ر نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مافه‌ ده‌ستورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مافی خۆی ده‌زانێت رێوشوێنی یاسایی بگرێته‌به‌ر.
له‌و په‌یامه‌دا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  رایده‌گه‌یه‌ینێت كه‌ به‌پێی مادده‌ی 112 ی ده‌ستوری عیراق حكومه‌تی فیدراڵی عێڕاق به‌پێی یاسا داوالێكراوه‌ داهاته‌كانی نه‌وت و غازی كێڵگه‌كانی ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رو به‌گوێره‌ی دابه‌شبوونی دانیشتوان له‌سه‌رجه‌م پارچه‌كانی وڵاتدا دابه‌ش بكات ، به‌و پێیه‌ هه‌رێمی كوردستان مافی به‌ده‌ستهێنانی بڕی %17 ی داهاتی ئه‌و نه‌وته‌ی هه‌یه‌ كه‌ له‌ رێگه‌ی فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ ده‌ست وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ ده‌كه‌وێت به‌و پێیه‌ی هه‌رێمی كوردستان ناوچه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنی نه‌وته‌.
 حكومه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌شده‌كات له‌ ساڵی 2005 ه‌وه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق شكستیهێناوه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستورو به‌تایبه‌تی مادده‌ی 112ی ده‌ستوری عیراق به‌هۆی ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ نه‌وت ده‌فرۆشن و به‌رده‌وام داهاته‌كه‌ی لای خۆیان ده‌هێڵنه‌وه‌ ئه‌وه‌ش به‌ پێشێلكردنی مافی یاسای و ده‌ستوری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامده‌درێت.
له‌و په‌یامه‌دا حكومه‌تی هه‌رێم كڕیارانی نه‌وتی عیراق و كۆمپانیای سۆمۆ ئاگادارده‌كاته‌وه‌ كه‌ كڕین و یان هاوكاریكردن له‌ كڕین وباركردنی نه‌وتی عیراق به‌بێ ئه‌وه‌ی به‌شه‌ داهاتی هه‌رێم له‌و نه‌وته‌ ره‌وانه‌ بكرێت به‌پێشێلكردنی ده‌ستور داده‌نێت هه‌ركه‌سێكیش به‌شداریبكات له‌و كاره‌ به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مافی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێوشوێنی یاسایی به‌رامبه‌ر ده‌گرێته‌به‌ر.
ده‌قی ئاگاداركردنه‌وه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كڕیارانی نه‌وت..
ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ بۆ كڕیارانی نه‌وتی خاو له‌ سۆمۆ
به‌پێی ماده‌ی ١١٢ی ده‌ستووری عێراق، حكومه‌تی فیدراڵی عێڕاق به‌پێی یاسا داوالێكراوه‌ داهاته‌كانی نه‌وت و غازی كێڵگه‌كانی ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رو به‌گوێره‌ی دابه‌شبوونی دانیشتوان له‌سه‌رجه‌م پارچه‌كانی وڵاتدا دابه‌ش بكات. 
به‌پێی مادده‌ی ١١٢ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مافی به‌ده‌ستهێنانی ١٧٪ ی هه‌موو داهاته‌كانی هه‌یه‌ كه‌ له‌ فرۆشتنی نه‌وته‌وه‌ ده‌ست وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و سۆمۆ و (هه‌ر به‌شێكی تری حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ) ده‌كه‌وێت.
له‌ بارودۆخێكدا كه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق داهاته‌كان به‌پێی ده‌ستووری عێراق دابه‌ش نه‌كات، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مافی خۆیه‌تی رێوشوێن بگرێته‌به‌ر، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گونجاوه‌ به‌لایه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و مافه‌ شایستانه‌ به‌ده‌ستبهێنیێت كه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق پێویسته‌ بیاندات به‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌پێی ده‌ستووری عێراق، ئه‌م مافه‌ له‌ یاساكانی كوردستاندا گوزارشتی لێكراوه‌.
لانی كه‌م له‌ ٢٠٠٥ ه‌وه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ شكستیهێناوه‌ له‌ پابه‌ندبوون به‌ ئه‌ركه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانیه‌وه‌ به‌رامبه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌وانه‌ش پابه‌ندبوون به‌ ماده‌ی ١١٢ ه‌وه‌. 
وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و سۆمۆ به‌رده‌وام هه‌ڵده‌ستن به‌ فرۆشتن یان هه‌وڵدان بۆ فرۆشتنی نه‌وت و غاز و به‌رهه‌مه‌كانی تری پێترۆڵ به‌ لایه‌نه‌كانی سێهه‌م و داهاته‌كانی ئه‌م فرۆشتنانه‌ هه‌موویان لای خۆیان ده‌هێڵنه‌وه‌، هه‌موو ئه‌مه‌ له‌ پێشلكردنێكی روون و ئاشكرای مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامده‌درێت به‌بێ به‌شداری و ره‌زامه‌ندیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. 
 
له‌م بارۆدۆخانه‌دا ماده‌ی ١١٢ رێگه‌ به‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و سۆمۆ یان هه‌ر به‌شێكی تری حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ نادات بۆ فرۆشتنی نه‌وت له‌ عێراقه‌وه‌ به‌ بێ ره‌زامه‌ندی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی به‌رهه‌مهێن، به‌م پێیه‌ فرۆشتنی نه‌وت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و سۆمۆ یان هه‌ر به‌شێكی تری حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ-ه‌وه‌ پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراق و یاسای نێوده‌وڵه‌تیه‌ و له‌وانه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌ودای ده‌سه‌ڵاتیشیاندا بێت.
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاگاداری هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ نه‌وت و غازیان له‌ هه‌ر به‌شێكی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ له‌وانه‌ش وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ یان سۆمۆ كڕیوه‌ یان له‌وانه‌یه‌ بكڕن كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و كڕیارانه‌ و ئه‌وانه‌شی ئاسانكاریان بۆ باركردنیكردووه‌ له‌بری كڕیاره‌كان یان له‌بری سۆمۆ وه‌ك یارمه‌تیده‌رو پشتگیریكه‌رو ئاسانكاری پێشێلكردنی مافه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كات به‌پێی ده‌ستووری عێراق یان یاسای نێوده‌وڵه‌تی مه‌گه‌ر ئه‌و كڕیارانه‌ ١٧٪ ی نرخی كڕین بده‌ن به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ گوزارشت ده‌كات له‌و مافه‌ی كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی یاسا شایسته‌یه‌تی.
 
ئه‌و كڕیارانه‌ی نه‌توانن ئه‌م بڕه‌ پارانه‌ بده‌ن به‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وا ئاسانكاری ده‌كه‌ن بۆ پێشێلكردنی مافه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵی عێراقه‌وه‌ و به‌شدار ده‌بن له‌ گه‌یاندنی ئه‌و پارانه‌دابه‌ حكومه‌تی فیدراڵی عێراق كه‌ مافی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌. ئه‌م كڕیارانه‌ سه‌ركێشی دانی بڕه‌ پاره‌یه‌ك ده‌كه‌ن به‌ حكومه‌تیفیدراڵ عێراق به‌گوێره‌ی رێوشوێنێك كه‌ له‌وانه‌یه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ بێت به‌پێی ده‌ستووری عێراق.   
 
حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رێوشوێنی یاسایی ده‌گرێته‌به‌ر به‌رامبه‌ر كڕیارانی نه‌وتی وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ و سۆمۆ یان هه‌ر به‌شێكی تری حكومه‌تیفیدراڵی عێراق كه‌ له‌وانه‌یه‌ پێویست بێت بۆ پاراستنی مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. 
PUKmedia