14هەزار و 383 تەن كاڵا لەحاجی ئۆمەرانەوە هەناردە كراوە

 

مەسعود باتێلی‌، سەرپەرشتیاری‌ كۆمەڵگای‌ ئیداریی‌ خاڵی‌ سنوری‌ نێودەوڵەتی‌ حاجی‌ ئۆمەران، لەكۆنگرەیەكی‌ رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە سەرەتای‌ ئەمساڵەوە تا كۆتایی‌ مانگی‌ حوزەیران 784هەزار و 111 تەن كاڵای جۆراوجۆر ئێرانەوە هاوردەی هەرێمی‌ كوردستان كراوە و لەو ماوەیەشدا 14هەزار و 383 تەن كاڵا بەپێچەوانەوە هەناردە كراوە، بەپێی‌ ئامارەكانیش رێژەی‌ هاوردەكردن نزێكەی‌ 98%بووە.
مەسعود باتێلی‌ وتیشی‌: بەبەراورد بە ساڵی‌ رابردوو بارودۆخەكە گۆرانكاریی‌ گەورەی بەسەر داهاتووە، وەك قەیرانی‌ دارایی‌ و دواكەوتنی‌ مووچە لەهەرێمی‌ كوردستان و تێكچوونی‌ باری‌ ئەمنیی‌ چەند شارێكی‌ ناوەراستی‌ عێراق كە رێژەیەكی‌ زۆری‌ كاڵای‌ هاوردەكراو بۆ ئەو شارانە دەچوو، بەڵام رێژەی‌ ئاڵوگۆر زیاترە و ئەگەر بارودۆخەكە بەم شێوەیە نەبووایە زۆر زیاتریش دەبوو.
باتێلی‌ وتیشی‌: بە پشتبەستن بە ستانداردی‌ نێودەوڵەتی، تەنها لەماوەی‌ شەش مانگی‌ ئەمساڵدا نزیكەی‌ حەوت هەزار تەن كاڵای جۆراوجۆری‌ نەگونجا و گەرێندراوەتەوە و هەندێكیش لەناوبراوە.
سەرپەرشتیاری‌ كۆمەڵگای‌ خاڵی‌ سنوری‌ حاجی‌ ئۆمەران ئاشكراشیكرد كە لەئێستادا هاتنی‌ كەرەستی‌ بیناسازی‌ زۆر سستە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ راوەستانی‌ پرۆژە خزمەتگوزراییەكانی‌ حكومەت بەهۆی‌ قەیرانی‌ داراییەوە.  
سەبارەت بەداهاتی‌ ئەو ماوەیەش سەرپەرشتیاری‌ كۆمەڵگای‌ ئیداری‌ دەروازەی‌ نێودەوڵەتی‌ حاجی‌ ئۆمەران وتی‌: ناتوانین هیچ ژمارەیەك بڵێین، چونكە ئەمە پەیوەندیی‌ بەبەرێوەبەرایەتی‌ گومەرگەكانی‌ سەر بەوەزارەتی‌ داراییەوە هەیە.